مەھاباد؛ ٩ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سامان زیندەپیل

15:12 - 5 پووشپەڕ 2726

٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی "سامان زیندەپیل" هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و خاوەن بڕوانامەی زانکۆ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ئەو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ "سامان زیندەپیل"، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە لە بێدەنگەیی ڕەهادایە و ئەو هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.

سامان زیندەپیل، کوڕی حوسێن، ٤٠ ساڵان و سەڵت، خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ لە بەشەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسیدایە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.