بۆکان؛ هێرشی شەوانە، تێکدان و زەوتکردنی داراییەکان و ناڕوونیی چارەنووسی مەسعوود خەلیلی، چالاکی مەدەنی و دەسبەسەرکراوی پێشوو، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دەسبەسەرکردنی

15:08 - 5 پووشپەڕ 2726

٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ پاش تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ لە هێرشی شەوانە و توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی مەسعوود خەلیلی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە بۆکان، و زەوتکردنی کەلوپەل و داراییە کەسییەکانی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ئەو لەبەر دەستدا نییە. هەروەها هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ نیوەشەوی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، دەیان کەس لە هێزە ئەمنی و چەکدارەکان، بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی، بە شێوازێکی توندوتیژانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مەسعوود خەلیلی. لە کاتی ئەم هێرشە چەکدارییەدا، تەواوی کەلوپەل و داراییەکانی ئەم بنەماڵەیە بەبێ حوکمی یاسایی پشکێندراون و بە شێوەیەکی بەربڵاو تێکدراون. هەروەها تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکە کەوتوونەتە بەر لێدان و کوتانی توند و بریندار بوون و توشی شکانی ئەندامانی جەستەیان بوونەتەوە.

سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێت؛ ئەم هێرشە توندوتیژانەیە بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی مەسعوود خەلیلی ئەنجام دراوە و لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە دۆزینەوە و دەسبەسەرکردنی سەرکەوتوو نەبوون، تەواوی کەلوپەلە کەسییەکانی ئەو لەوانە کارتی نیشتمانی، بەڵگەی هاوسەرگیری و کارتە بانکییەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی لەگەڵ خۆیان بردووە. هەروەها ماشینەکەی مەسعوود خەلیلی کە لە حەوشەی ماڵەکەدا ڕاگیرابوو، تێکدراوە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و گوازراوەتەوە.

مەسعوود خەلیلی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵانی خەڵکی بۆکان، لە بواری چالاکییە مەدەنی و کولتوورییەکاندا، بەتایبەت چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی بەتایبەتی بۆ منداڵان، چالاکیی هەبووە. ئەو هەروەها لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و چالاکییە ژینگەییەکانیشدا بەشداریی کردووە.

خەلیلی پێشینەی دەسبەسەرکرانی هەبووە. ناوبراو لە ساڵی ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و دوای دوو مانگ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکاندا، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.