بەندیخانەی کەچوویی؛ دادگای ئۆنلاینی سوهەیلا حیجاب بەبێ پارێزەر و بە تۆمەتی ئەمنییەتی و "لیدەریی نەڕەزایەتییەکان" بەڕێوە چوو
٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سوهەیلا حیجاب بێدسورخی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، کە زیاتر لە پێنج مانگە لە زیندانی کەچوویی کەرەج دەسبەسەرە، لەم دواییانەدا لە دانیشتنێکی چەند خولەکیی دادگای ئۆنلایندا لە یەکێک لە لقەکانی دادگای فەردیسی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەمەدپوور" دادگایی کراوە. ئەو لەگەڵ تۆمەتگەلێک وەک "کارکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی و نیزام"، "پێکهێنان و ڕێکخستنی گرووپە ناڕەزاکان" و "سەرکردایەتیکردن لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا" بەرەو بووەتەوە و چاوەڕوانی دەرچوونی حوکمەکەیە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، بە سەرنجدان بە جۆری تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، مەترسیی دەرچوونی حوکمی قورس بۆ ناوبراو هەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ سوهەیلا حیجاب بێدسورخی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و نیشتەجێی کەرەج، کە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی کەچوویی گوازرایەوە، کۆتاییەکانی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەم دانیشتنی دادگای ئۆنلاینەدا دادگایی کراوە. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەو لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و لە دۆخێکی نەگونجاودا لە زیندان ڕاگیراوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد کە سوهەیلا حیجاب ڕۆژی یەکەمی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی زیندانی کەچوویی ڕایگەیاندبوو بۆ دوو ڕۆژی لەسەریەک ئاو و کارەبای زیندانەکە بڕاوە و سیستمەکانی ساردکەرەوە و هەواکێشانیش لەکار کەوتوون؛ دۆخێک کە بووەتە هۆی ئەوەی زیندانیان لە گەرما و تاریکیدا بمێننەوە. ئەو دۆخی زیندانی کەچوویی بە "زۆر نالەبار" وەسف کردبوو.
سوهەیلا حیجاب بێدسورخی، چالاکی سیاسیی تەمەن ٣٦ ساڵانی خەڵکی کرماشان و نیشتەجێی کەرەج، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی کەچوویی لە فەردیسی کەرەج گوازرایەوە.
ئەو لەو زیندانییە سیاسییانەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ماوەی مەحکوومبوونی خۆی لە زیندانەکانی ئێڤین، قەرچەکی وەرامین، زیندانی ناوەندیی سنە و زیندانی دێزڵاوای کرماشان تێپەڕاندووە. ناوبراو لە درێژەی ماوەی بەندکرانیدا چەندین جار لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕەوتی دادگاییکردن، دۆخی ڕاگرتن و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و هەروەها نامە و فایلە دەنگییە جۆراوجۆرەکانی لە ناوەوەی زیندان بڵاو کردووەتەوە.
پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومبوونەکان؛
سوهەیلا حیجاب بۆ یەکەمجار لە ٧ی بەفرانباری ١٣٩٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای فەجری پارێزگای فارسەوە لە شیراز دەسبەسەر کرا. ئەو دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و پێکهێنانی دۆسییە بۆ زیندانی عادڵاوای شیراز گوازرایەوە و لە کۆتاییدا لەلایەن دادگای ئینقلابی شیرازەوە بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا. ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەشدا پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو دوای کێشانی نزیکەی پێنج مانگ لە ماوەی حوکمەکەی، لێخۆشبوونی مەرجداری پێدرا و لە زیندان ئازاد کرا.
ئەو جارێکی دیکە لە ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە. دوای چەندین مانگ دەسبەسەرکردن و مانگرتن لە خواردن لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕێگری لە ئازادکردنی کاتیی، لە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ بە دانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا، لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "موحەممەد موقیسە"، ناوبراوی بە تۆمەتگەلێک لەوانە "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "کۆبوونەوە و تەبانی"، "شێواندنی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە"، "پێکهێنانی گرووپ لەپێناو مافی ژنان" و "داواکاریی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی" لە کۆی گشتیدا بە ١٨ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرد. ئەم حوکمە لە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
سوهەیلا حیجاب دوای چوونەدەرەوەی لە دادگای پێداچوونەوە، لەلایەن مەئموورانی قەرارگای ساروڵڵاوە لە تاران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، مەئموورەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لێیان دابوو و بەسەر زەویدا ڕایانکێشابوو. ناوبراو دواتر لە فایلێکی دەنگیدا ئەم هەڵسوکەوتانەی پشتڕاست کردەوە.
ئەو لە درێژەی ماوەی بەندکرانەکەیدا لەگەڵ دۆسییەی دادوەری دیکەش ڕووبەڕوو بووەوە. لەوانە لە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩دا، لە کاتێکدا لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامیندا بەندکرابوو، لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی شێواندنی بیروڕای گشتی" و "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" دادگایی کرا، هەرچەندە بەپێی ڕاپۆرتەکان هیچ حوکمێک لەم دۆسییەیەدا بەو ڕانەگەیەندرا.
سوهەیلا حیجاب سەرەنجام لە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ لە بەندیخانەی کرماشان ئازاد کرا. مەجید حیجاب، برای ئەو، بە ڕاگەیاندنی هەواڵی ئازادبوونی نووسی کە خوشکەکەی دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی پشووی پزیشکی و سەردانیکردنەوەی زیندانی ناوەندیی کرماشان، حوکمی ئازادبوونی خۆی وەرگرتووە.
سوهەیلا سەرەڕای ئازادبوونی لە ساڵی ١٤٠٢دا، جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرایەوە و ئێستا دوای زیاتر لە پێنج مانگ دەسبەسەری، لە چاوەڕوانی دەرچوونی حوکمدایە لە دۆسییە نوێیەکەیدا.