ئەمساڵ ١٤کەس لە بەنداو و ڕووبارەکانی پارێزگای ورمێ خنکاون

15:27 - 7 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ١٤ کەس لە پارێزگای ورمێ، لە کاتی مەلەکردن و بە هۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن لە بەنداو و ڕووبارەکانی پارێزگای ورمێ لە ئاودا خنکاون.

بەڕێوەبەری ناوەندی بەرێوبەریی ڕووداو و فریاکەوتنە پزیشکییەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵدا، ١٤ کەس لە کاتی مەلەکردن لە بەنداو و ڕووبارەکانی ئەو پارێزگایە لە ئاودا خنکاون.

هەواڵدەریی ئیسنا، لە زاری بەهرامی بڵاوی کردەوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٤ کەس، بە هۆی ناشارەزایی لە کاتی مەلەکردن لە ئاودا خنکاون و لە کۆی ئەو ١٤ کەس، ٤ کەسیان لە بەنداوەکان و ١٠ کەسی دیکەیان لە ڕووبارەکان خنکاون.

بە وتەی بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبەریی ڕووداوەکان و فریاکەوتنەکان، سێ کەسی دیکەش لە کاتی بارانبارین و هەستانی سێڵاو گیانیان لە دەست داوە.
بە وتەی بەهرامی، ئەو چواردە کەسە لە بەنداوەکانی قەنبەری، بەنداوی سیلوانا و ڕووباری زەڕینەڕوود و باراندۆز خنکاون.

گرینترین هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە بریتین لە: ناشارەزایی هاووڵاتییان لە کاتی مەلەکردن، نەبوونی ئیمکانات و پەرژینی ستاندارد، نەبوونی تابلۆی هۆشداریدان لە شوێنە مەترسیدارەکان، نەبوونی تیمی فەریاکەوتن و مەلەوانیی.