ئەمریكا خوازیاری ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسیی ئێرانە

14:20 - 29 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا، باسی خراپیی رەوشی دوو زیندانیی سیاسیی ئێران، محەممەدسدیق كەبوودوەند و نەرگس محەممەدی كردووە.

بەپێی راپۆرتی رادیۆ ئورووپای ئازاد، ویكتۆریا نولاند وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا داوای لە ئێران كردووە هەرچی خێراتر هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بكات و پابەندی بەڵێنییەكانی لەمەڕ گەرەنتیی ئازادیی رادەربڕین، دین و مافی كۆبوونەوە و دەربڕێنی ناڕەزایەتی بێت.

لە رۆژانی رابردووشدا سێ‌ رێكخراوی نێودەوڵەتیی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایان لە ئێران كردوووە كە محەممەدسدیق كەبوودوەند و نەرگس محەممەدی دەستبەجێ‌ و بێ‌ مەرج ئازاد بكرێن.

محەممەدسدیق كەبوودوەند زیندانیی سیاسیی كورد و چالاكی مافی مرۆڤ لە ناڕەزایەتی بە پشت گوێ‌ خستنی ویست و داخوازییەكانی و هەڵاواردن لەنێو زیندانیان و هەروەها پێشگیری لە مەرەخەسی، لە رێكەوتی 6ی جۆزەردانەوە مانی لە خواردن گرتووە و لە رەوشێكی خراپی جەستەیی دایە.