ئەمجەد حوسێن پەناهی باس لە ناڕوونی چارەنووسی ڕامین حوسێن پەناهی دەکات

20:39 - 1 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوی حوسێن پەناهی بۆ زیندانی سنە گوێزرانەوە و هەروەها لە چارەنووسی ڕامین حوسێن پەناهی هیچ زانیارییەک لە بەردەست دانیە.

ئەمجەد حوسین پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باسی لە دوایین بارودۆخی ئەندامانی دەستبەسەر کراوی بنەماڵەی حوسێن پەناهی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کرد.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە بە پشتراست کردنەوەی هەواڵی ئازاد کردنی یەکێک لە ئەندامانی دەستبەسەر کراوی بنەماڵەی حوسێن پەناهی ڕایگەیاند: کەیوان حوسێن پەناهی بەشیوەی کاتی ئازاد کراوە و ئەفشین و عەباس حوسێن پەناهی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراون.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: زوبێر و ئەحمەد حوسین پەناهی هەروەها بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە گواستراونەتەوە.

ئەمجەد حوسین پەناهی ڕایگەیاند: هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی رامین حوسێن پەناهی لە بەر دەست دا نییە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وەڵامێکی ڕوون لە چارەنووسی ڕامین خۆیان دەبوێرن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا، وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی ئێرانی لە بارەی بارودۆخی ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی بە\"تاوان\" زانی و داوای ئازاد کردنی دەستبەسەرکراوەکانی کرد.

هەروەها ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی حکوومەتی ئێران کرد، پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، پابەند بوونی یاسایی و حقوقی هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراو لە بەرچاو بگرن.

ڕامین حوسێن پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەستبەسەر و پێش لە تەواو بوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.

پاش دەستبەسەر کردنی ڕامین حوسێن پەناهی، هێزە ئەمنیەتییەکان چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهییان دەستبەسەر کردووە.