ئەمجارەیان جێگری جەنەتی \"سووکایەتی بە شەرافەتی خەڵکی کوردستان\" کرد

21:05 - 23 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی حکوومەتی لەشاری سنە بۆ جارێکی دیکە باسی لەنەبوونی \"کەسیکی متمانەپێکراو\"ی بۆ بەرێوەبەریی خۆجێی ئوستان کردبوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگی رابردوودا دوو لێپرسراوی حکوومەتی لەئێران رایگەیاندووە : \"کەسیکی شیاوی متمانە و متمانەپێکرا\" بۆ بەڕێوەبەریی ئەوستان بوونی نییە، کە ئەمە تووڕەیی هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتۆتەوە.

لە نوێ‌ترین حاڵەتی ئەم سووکایەتی پێکردنەدا، نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ، جێگری عەلی جەنەتی لە رێوڕەسمی ناساندنی بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئوستانی کوردستان، باسی لەنەبوونی توانایی و لێهاتوویی بۆ دیاریکردنی کەسانی خۆجێیی بۆ بەرپرسیارەتیی لەو ئوستانەدا کردووە.

ئەم بابەتەی حوسێن نووش‌ئابادی لەشاری سنە، لەگەڵ پەرچەکرداری نوێنەرانی مەجلیس لەشارەکانی قوروە و دێولان بەرەوڕوو بۆتەوە و ئەو گوتانەی ناوبراویان بە \"سووکایەتی کردن بە شەرافەتی خەڵکی کوردستان\" لەقەڵەم داوە.

حمید قادر مەرزی ئاماژەی بە جێبەجێ نەکرانی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی بۆ دانانی کوردەکان لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید-دا کردووە و رایگەیاندووە : \" رۆژانە چەندین کەسی ناخۆجێیی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتیی ئوستانی کوردستاندا دادەندرێن\".

دژایەتی‌یەکان لەگەڵ ئەم رەوتە هەنووکەیی‌یە لە ناوچە کوردنشینەکان گەیشتۆتە ئاستێک کە لە رێوڕەسمی ناساندنی رەحیم جەعفەری وەکوو بەرپرسی نوێی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئوستانی کوردستان، کە هیچکام لە چالاکانی فەرهەنگیی کورد و تەنانەت نوێنەرانی مەجلیسیش ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبوون.

ئەم لێپرسراوە نوێیە حکوومەتی‌یە کە مامۆستای قوتابخانەشە، خەڵکی کووهدەشت سەربە ئوستانی لوڕستانە.

لەو پەیوەندییەدا چالاکێکی فەرهەنگیی کورد لە شاری سنە وێڕای بەداخبوونی لە جێبەجێ نەکرانی بەڵێنی‌یەکانی ئوستانداری ئێستای و دانانی کەسانی نزیک لە خۆی بۆ پۆستە حکوومەتییەکان، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"بە نیسبەت بێ وەفایی سیاسی‌یەکان و فەرهەنگیانی کوردستان سەرم سووڕماوە و بۆ ئەم مەسەلەیەش زۆر بەداخەوەم\".

ئەو چالاکە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئاستی بەرنامە فەرهەنگی‌یەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو جێبەجێ نەکرانی بەڵێنیی بەرپرسان بۆ دانانی کەسێکی خۆجێیی بۆ بەرپرسی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئوستان، بەڕاستی ترس بۆ داهاتووی فەرهەنگ و هونەری دروست کردووە\".

هەواڵدەریی ئیسنا لە راپۆرتێکدا لەزاری نوێنەرێکی مەجلیس لەشاری سنە رایگەیاندووە: \"بۆ دانانی بەڕێوەبەرانی ئوستان ئەگەر کەسێکی خۆجێیی دەستنیشان بکرێت، بۆ تەئید کران ماوەی ٦ مانگ دەخایەنێت، لەحالێکدا کەسانی ناخۆجێی لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بەبێ گرینگی‌دان بە گوتەی نوێنەرانی مەجلیس، وەکوو بەرپرس و بەرێوەبەر دیاری دەکرێن\".

حەسەن رۆحانی لەکاتی بەرپرسایەتیی خۆی لە قوەی مجریەدا رایگەیاندبوو، کەبە بەڵێنی‌یەکانی خۆی لە بەیانییەی ١٠ ماددەیی مانگی جۆزەردانی ٩٢دا وەفادار دەبێت، بەڵام لەگەڵ تاقە بژاردەی کورد بۆ وەزیری وەرزش و لاوان دژایەتی کردبوو.

هەروەها کۆاتییەکانی ساڵی رابردوو، وەزیری دەوڵەتی تەدبیر و ئومید لەکاتی ناساندنی ئوستانداری کوردستاندا رایگەیاندبوو: \"لەبەر ئەوەیکە لە کوردستاندا کەسێکی شیاو بەدی نەکراوە، بەناچاری ئوستاندارێکی ناخۆجێیی بۆ ئەم ئوستانە دادەنێین\".