ئەمجارەیان بە حەبی سیانوور کچە خوێندکارێکی دیکەی کورد لە زانکۆی نازلووی ورمێ کوژرا

14:40 - 20 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا لە زانکۆی نازلووی ورمێ، کچە خوێندکارێکی دیکەی کورد کوژراو حەراسەتی زانکۆش هەڕەشەی لە بنەماڵەکەی کردووە، هۆکاری مردنەکەی بۆ نەخۆشیی گەدە بگەڕێننەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شیلان رۆشندڵ، کچی سەلیم و خەڵکی گوندی نەرزیوێ سەربە شاری شنۆ، کە خوێندکاری رشتەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی نازلووی ورمێ بووە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر دەرمانداو کراوەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ لە زاری یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی رۆشندڵەوە رایگەیاند، ئەو کچە خوێندکارە تەمەن ٢٢ ساڵەیە کە لە بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی نازلوو خویندکاری رشتەی کارناسیی زانستە رۆییەکان بووە، رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە و لە کاتێکدا تووشی حاڵەتی رشانەوە بووە، خۆی گەیاندۆتە ماڵی خزمێکیان لە ورمێ و لەلایەن ئەو بنەمالەیە رەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ کراوە.

\"23142.jpg\"
بەگوتەی کەسوکاری شیلان رۆشندڵ، ناوبراو بەهۆی کاریگەریی ژەهرەکەوە هەر دوو گورچیلە و سییەکانی لەدەست دابوو، کە بەو هۆیەوە هەموو ئەندامانی لەشی رەش هەڵگەڕابوو.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، لە پشکنینی پزیشکەکاندا دەرکەوتووە، کە شیلان حەبی سیانووری بۆ کراوەتە ماستەوەو بەو شێوەیە کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، گوتیشی: حەراسەتی زانکۆی نازلووی ورمێ بە بنەماڵەی \"شیلان رۆشندڵ\"ی راگەیاندووە؛ کە دەبێ هۆکاری مردنی کچەکەیان، نەخۆشیی گەدە لە قەڵەم بدەن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو، نەخۆشخانەی خومەینی سەرەتا ئامادە نەبوو کە تەرمی شیلان رادەستی بنەماڵەکەی بکاتەوە، بەڵام سەرەنجام رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر تەرمەکەیان لە نەخۆشخانە وەرگرتەوەو لە شاری شنۆ بەخاکیان سپارد.

هەتا ئێستا بەرپرسانی زانکۆی نازلووی ورمێ هیچ کاردانەوەیەکیان لەمەڕ کوژرانی شیلان رۆشندڵ نەبووەو خوێندکارانی ئەو زانکۆیەش هۆکاری ئەو بێدەنگییەی بەرپرسانی زانکۆیان بە مەبەستی سەرپۆش دانانی هەواڵی کوژرانی شیلان گەڕاندۆتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچکام لە میدیا ناوخۆیی و ناوچەییەکان هەواڵی کوژرانی (شیلان رۆشندڵ)یان بڵاو نەکردۆتەوە.

\"23107.jpg\"
شەیدا حاتەمی و سەحەر چووینی، دوو خوێندکاری کورد بە شێوەی گوماناوی لە زانکۆ گیانیان له‌ده‌ست دا
مانگی رەشەمەی ساڵی رابردووش، کچە خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی نازلووی ورمێ بەناوی شەیدا حاتەمی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵا، لە رشتەی \"زمین شناسی\"ی ئەو زانکۆیە، لە خەوتنگەی زانکۆکەیان خنکێندرا، کە سەرەتا بەرپرسانی زانکۆ و حەراسەت و تەنانەت نوێنەری مەجلیسیش لە شاری ورمێ، هەوڵی پەردە پۆش کردنی ئەو رووداوەیان دا، کە لەگەڵ پەرچەکرداری توندی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بەرەوڕوو بوویەوە.

هەتا ئێستا هیچکام لە رووداوی کوژرانی کچە خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی وڵاتی ئێران بەدواداچوونیان بۆ نەکراوەو ئەمەش هۆکاری دووپات بوونەوەی کوژرانی کچانی خوێندکار لە زانکۆکانی ئێراندایە.

هەروەها مانگی رەزبەری ساڵی ٩٢ی هەتاویش، کچێک بەناوی سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی زانکۆی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان، بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی بووعەلی لە شاری هەمەدان کوژرا، کە دواتر لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بەرەوروو بوویەوە.