ئەماکینی مەریوان، خانووی نێو باخی هاووڵاتییان تێک ئەدات

16:06 - 15 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی پاسگای گوندی ئارەنانی سه‌ر به شاری سنە و ئیدارەی ئەماکینی شاری مەریوان، کەوێل و کەپری وەرزیڕان و خاوەن باخەکانی ناوچەی مەریوانیان تێکداوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە کەوێڵ و کەپری باخداران و وەرزێڕانی دەوروبەری جاددەی کۆنی مەریوان لە نزیک گوندی سوورەزە، لەلایەن ئیدارەی ئەماکین و پاسگای ئارەنانی شاری سنەوە تێکدراون.

یەکێک لە خاوەن باخەکانی ناوچەی مەریوان بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرای کردووە؛ لە چەند رۆژ پێش ئێستاوە هێزەکانی پاسگای ئارەنان و ئەماکین بە نێو باخەکانی گوندی ئارەناندا دەسوڕێنەوە کەوێڵ و خانووی نێو باخی هاووڵاتییان تێک ئەدەن.

ئەو هاووڵاتییە کوردە گوتووشیەتی، مەئموورانی ئەماکین و پاسگای ئارەنان بە وەرزێڕ و خاوەن باخەکانیان راگەیاندووە، \" بۆ دروست کردنی کەوێل و خانووی نێو باخ، دەبێ لە بنیاتی مەسکەن و ئیدارەی ئەماکین مۆڵەت وەربگرن\".

بە گوتەی خاوەن باخەکان، بنیاتی مەسکەن بۆ پێدانی مۆڵەتی دروست کردنی کەوێڵ و خانووی نێو باخ، بۆ هەر میترێک ١٥ هەزار تمەن لە خاوەن باخەکان دەستێنیت.

لە ساڵانی رابردووشدا و لە چەندین شوێنی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران، بە بیانووی ئەوەیکە خانووی نێو باخ و کەوێڵی باخ‌داران و وەرزێران بوونەتە شوێنی حەسانەوەی هێزی حیزبە کوردییەکان، خانووی نێو باخ و کەوێڵی وەرزێرانیان تێکدابوو.