ئەماکنی شاری سەقز دووکانی کەرەستە ئارایشییەکانی ئەو شارەیان پۆلمپ کردووە

15:35 - 8 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئەماکنی شاری سەقز، هەوڵی داخرانی چەندین دووکانی کەرەستەی ئارایشییان لەو شارە دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئەماکنی شاری سەقز پاش سەردانی پاساژەکانی ئەو شارە، بەتایبەتی پاساژەکانی\" ئالان و دیلان\"، \"ئافریقا\" و \"ئادەمی\"، چەندین دووکانی کەرەستەی خۆجوان کردنیان \"لوازم آرایشی\" هەتا کاتێکی نادیار داخست.

ئیدارەی ئەماکن، بە خاوەن دووکانە پۆلمپکراوەکانیان ڕاگەیاندووە، کە بە هۆی \"لە بەرچاونەگرتنی ئاییننامەی ئیدارەی ئەماکن\" دووکانەکانیان هەتا کاتێکی نادیار دادەخرێت.

ئەماکن هەروەها ئەو دووکانانەی بە \"فرۆشتنی کەرەستەی دژەباوی فەرهەنگی، دانانی وێنەی نالەبار لە پشت ویترین و گوێپێنەدان بە ئاگادارییەکانی پێشوو\" تاوانبار کردووە.

ئیدارەی ئەماکنی شاری سەقز، ئیددعای ئەوە دەکات، کە ئەو هەوڵە لە ڕاستای گەڵاڵەی بەرزکردنەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەربەرەکانێ لەگەڵ هێرشی فەرهەنگی\"، (طرح ارتقاء امنیت اجتماعی و مبارزه با تهاجم فرهنگی) ئەنجام دراوە.