ئەم دمریــــن بۆ كوردستان، ئەم دژیـــــن بۆ كوردستان، مەترسی + نەخۆشی

12:15 - 1 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە بەشی دووەمی سەفەری هەواڵێری ئاژانسی كوردپا بۆ نێو دڵی كوردە ئاوارەكانی سووریە نیشتەجێ‌ لە كەمپی \"دومیز\" هەڵكەتوو لە قەزای \"سێمیل\"ی سەر بە پارێزگای دهۆك، گۆشەیەكی‌تر لە ترس و نیگەرانی و تراژیادی ژیانیان دەخرێتە روو.

بەیانی بە هیوای رۆژێكی باشتر لە دوێنێ‌ لە خەو هەستام لە ماڵێكی ئاشنای هاوڕێیەكمان لە دهۆك نانی بەیانیمان خوارد و بە پەلە خۆمان گەیاندە كەمپی دومیز بە ترسەوە...!

\"7087.jpg\"
ترس! وادیارە ترس منیشی وەكوو كوردە ئاوارەكانی كەمپی دومیز داگرتووە، ترسی من بۆ لەدەست دانی كات بوو، چونكە بەڕێوەبەری كەمپی دومیز كاك محەممەد بە ئێمەی گوت كە ژمارەی ئاوارەكانی كەمپەكە لە 24 هەزار كەس تێپەڕیوە، بویە زۆر بە خێرایی دەستم كرد بە گەڕان بە دوای چۆن و بۆ چییەكان.

كەسێك پێمی وت كەلە خوارەوە مەدرەسە هەیە و خەریكی ناونووسینن، كۆمەڵێك كابینە لەلای ریزە ماڵێك بوون بەردەركی یەكێك لە كابینەكان هەرا و هوریا و پاڵ پێوەنان بوو، هەموویان فایلی زەردیان بەدەستەوە بوو، فایلی زەرد واتە قوتابی دەرەكیی (ئەو قوتابییانەی كەلە دەرەوەی هەرێم دێن بۆ خوێندن).
\"7092.jpg\"
بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكە بە سەر و روویەكی خۆشەوە پێشوازییان لێ‌ كردین و رێنوێنییان كردین بۆ ژووری ئیمتحان ( تاقیكاری)، هاواری دەكرد ناو چی؟ چیی...؟ بەترسەوە...؟ عەفرین، نازانم بۆ من هەر شوێنێك دەچم دەبێ‌ ئەو وشەیە لەوێ‌ بێت! (ترس) لەسەر میزێكی دیكەوە بە ئارامی لاوێك پرسیاری لەو شارەزایەی كەمپی دومیز كرد: ئەوەی كە دەینووسم كام پیتە؟ ( ز)، كەمێك راوەستا و چاوی لە لاوەكە كرد و چاوێكی لە وشەكە كرد، نازانم چی وت، چونكە دەنگە بەزرەكە هەر دەهات و دەنگی ژاوە ژاوی تر لە \"دومیزە\"كەی تریش دەهات كە چەند ریز منداڵ و ژن و پیاو راوەستابوون و جوابی پرسیارایان دەدایەوە، هاتمە دەرێ‌ بەرەو ژووری وەرگرتن وەڕێ‌ كەوتن لەبەر دەرگای ژووری وەرگرتن راوەستابوو وا دیار بوو ژووری تاقیكاری نیگەرانی كردبوو، نازانم بەڵام ئەوەی من دیتم تابلۆیەكی نیگاركێشی بوو، هەر دوو دەستی شۆڕ كردبۆوە، تیشێرتێكی شینی رارایی لەبەر دابوو، هەتا خوا حەز دەكات نیگەران بوو، لەلای دەستی چەپی لەسەر كورسییەكی بۆر بەبێ‌ تاقەتی دانیشتبوو، نازانم كێ‌ وتەنی: كافر بە حاڵی دەگریا، باشە بڵێی بەشار ئەسەد چی بێ‌؟

\"7093.jpg\"
(ئەم دەمرین بۆ كوردستان ئەم دەژین بۆ كوردستان) ئەم وشانەم گوێ‌ لێبوو! سووڕامەوە پۆلێكم دیت كۆمەڵێك قوتابیی تێدا بوو لە دەرگاكە نزیك بوومەوە، مامۆستاكە وتی: فەرموو وەرە ژوورێ‌، ئەوان هەموو رۆژێ‌ ئەم وشانە دەڵێنەوە، پۆڵەكە سێ‌ ریزی و 4 نیمكەتی تێدا بوو دوو ریزیان كوڕ بوون، یەك ریزیان كچ بوون، پەنجەرەیەكی گەورەی تێدا بوو كە تیشكی خۆر هەتا نیوەی ژوورەكەی لێ‌ داگیر كردبووین.

مامۆستا سەباح لە دانەدانەیانی پرسی كەلە داهاتوودا حەز دەكەی ببن بەچی؟ ئەم وشانەم دەبیست پێشمەرگە، دوكتۆر، شۆرتە، رۆژنامەنووس و...ئاواتی گەورە بە جەستەی چووكە، بە چووكەیی ئیمزای كرد و هەڵیگرتن و لە ژێر باڵی دانا و چووە ئاخری ریزەكە راوەستا، كتێبی وەرگت كتێبی كوردی، بە زمانی كوردی، بە پیت و وشەی كوردی، نازانم لە دەروونیدا چی روو دەدا، بەڵام رۆخساری ئارام بوو.
ئارام و لەسەرەخۆ بەناو خێوەتەكاندا تێپەڕیم، تۆز و خۆڵ و گەرما سەر و دەم چاویانی بۆر كردووە، لێرە زۆر شت بۆرە بە بۆری، بە بۆری لەپێش خێوەتەكان رادەوستن و بە نیگەرانییەوە دەڕوانن.

\"7090.jpg\"
(هـ) لەبەر خێوەتەكەیان لەگەڵ دوو دەستە خوشكەكەی دانیشتبوون پرسیارم كرد ئیزنم هەیە وێنەتان بگرم؟ وتیان: بۆ نا! هەروا كە وێنەم دەگرت ئەوان باسیان لە مەترسیی دەكرد، پرسیم چی؟ نەخۆشی، منداڵەكانمان نەخۆشن، پاشان پرسیارم كرد بەشداریی ژنان لە شۆڕشی سووریەدا چۆنە؟لەچكە مۆرە گۆڵدارەكەی لە پشت سەریەوە گرێ دابوو و لۆیەكی هێنابووە پێشێ‌ و بە لاملیدا شۆڕی كردبۆوە و زۆر زیتەڵانە وتی كە: ژنان لە سووریە لەگەڵ پیاوان بێ‌ جیاوازی بەشدارییان كردووە و هێندێك جاریش لە پێش پیاوان بوون بۆ پاراستنی پیاوەكان.

كاتژمێر 2:55 خولەك بوو هەتاوی دومیز رق ئەستوورتر لە رۆژی پێشوو، تیشكەكانی شۆڕ كردبۆوە. ویستمان هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێوەبەری كەمپەكە بكەین. بە نێو خێوەتەكاندا بە وریایی هەنگاومان هەڵدەهێنایەوە، كە نەوەكوو لاقمان لە گوریسێك بئاڵێ‌ و هیچ یارمەتیمان نەكردوون، خێوەتەكەشیان بەسەردا بڕووخێنین.

\"7091.jpg\"
زۆر توونیمان بوو، هاوڕێیەكانم چەند ساردییەكان كڕیبوو، هاڕێیەكەمان وتی ناتوانم لەبەرچاوی ئەو منداڵانە بیخۆمەوە، بۆیە بەسەر منداڵەكاندا دابەشیان كردن. لەبەر دەرگای ژووری بەڕێوەبەر لاوێكی باریكەڵەی رەشتاڵە بە پێكەنینەوە وتی: وێنەیەكم بگرە، هەتا كامێراكەم ئامادە كرد، بوون بە سێ‌ كەس.

جلوبەرگێگی رەشی لەبەر دابوو ردێنی تاشیبوو لەبەر تیشكی تیژی خۆر چاوی بە قەد كونە دەرزییەك چووكە ببۆوە، گوتیان جومعە هەڵبەستوانە، بە دەنگێگی نەرم و لەسەرە خۆ وتی: هەڵبەستی ئەوینداری، سیاسیی، شۆڕشگێری و ئاوارەیم هەیە، بەڵام ئەوەی ئاخریانم تەواو نەكردووە.

لەلای ساردی فروشییەك چەند هەنگاوێگ ئەولاتر لەبەر تاوەكە راوەستابووین، پشتە سەری لە راپەڕینی 2004‌ی قامیشلوو بە دەستی عەسكەری سووریە شكابوو.

\"7089.jpg\"
ساردخانەكان تەژین، ساردخانەی ئەنباری میوە لە سووریە بە جێگای میوە تەژین لە مەیت و تەرم، جێ‌ نەماوە تەرم و مەیت لە سووریە ئەوەندە زۆرە تەنانەت لە پاركەكانیشدا جێگا نەماوە.

من چاوم لە چاوی جومعە دەكرد چووكەتر ببوونەوە، هەستم كرد سەرم دێشێ‌، لەناكاو دەستم بە جێگای فلاشی سەر كامێراكەم كەوت گەرم داهاتبوو، داخی كردم، خێرا دەستم لابرد جوومعە وتی: بە چاوی خۆم دیتم سارۆخ ( ئارپی‌جی) چل كەسی لە یەك بینادا كوشت، من هەستم كرد كە ئیتر ناتوانم بەپێوە راوەستم، جوومعەش لە رق و ترسان سوور و رەش هەڵگەڕابوو، ئەو خۆرە بێ‌ ویژدانەش پەیتا پەیتا خۆی شۆڕ دەركردەوە سەرمان، دەترسێم! وتی دەترسێم لە تۆ، لە كامێرا لە عەسكەر لە هەموو شتێك.
\"7088.jpg\"
ئاوێكمان كڕی لەگەڵ هاوڕێیەكانم چاوەڕێ‌ بوون بچینە ژووری بەڕێوەبەر، 10 هەتا 15 كەس لەبەر دەرگا راوەستابوو 10 یان كاری هەیە و ئەوانی دیكەش داوكارییان هەیە، چووینە ژوورێ‌ قومێكمان ئاو خواردەوە، بایەكی فێنێك دەهات بە هێمنی وتی: كەمپا دومیز سەر بە قەزا \" سێمیل\" لە پارێزگا دهۆكێ‌ یە. هەژمارا وان كوو لە رێگا پارێزگا دهۆكێ‌ را گەییشتە هەرێما كوردستانێ‌، هەتا نووكە 2 هەزار و 886 خێزان و 8 هەزار 160 زگورتن، واتە سەڵتن.

كاتژمێر 4 و نیوی دوانیوەرۆ بوو، تەكسی هاواری دەكرد (حدوود حدوود)، سنوور نەمپرسی كام سنوور و بۆ سنوور! مەگەر كەس هەیە بچێتەوە بۆ سنوور؟
هێشتا زۆر پرسیاری بێ‌ وەڵام و زۆر داستان و تراژیدیا ماوە بیبیستم.
ئەمجارەش هیوا بۆ رۆژێكی باشتر دەخوازم.