\"ئەفشین سۆهراب‌زادە\" ئیزنی دەرمانی وەرگرتووە

15:28 - 6 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو، پێنجی پووشپەر، بنەماڵەی \"ئەفشین سۆهراب زادە\" توانیویانە ئیزنی دەرمانی بۆ ناوبراو وەربگرن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئیزنی دەرمانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ماوەی ٢٠ ڕۆژ وەرگیراوە.

\"ئەفشین سۆهراب‌زادە\" لە ساڵی ٨٨وە لە زیندانی میناب سەر بە پارێزگای هۆرمۆزگان، زیندانی کراوە و توشی نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا لەگەڵ گیروگرفتی مەترسیداری هەناسەیی بەرەوڕوو بووە.

کەمپەینی \"پاڵپشتی لە زندانییانی سیاسی ومەدەنی\" بڵاویکردووەتەوە کە \" دادوەری دادگای ناوبراو ڕایگەیاندووە تا کاتێ کە پزیشکی دەرمانی ئەم زندانییە ئیزنی دەرمانی بداتێ ناوبراو دەتوانێ ئیزنی دەرمان وەربگرێت\".

حوکمی داسەپاو بەسەر ناوبراو بریتییە لە ٢٥ سال زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی مانگرتن لە خواردن بارودۆخی جەستەیی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە مەترسیدایە و لە لایەن کاربەدەسەتانی زیندانیشەوە بەدواداچونەوەی بۆ نەکراوە.

\"ئەفشین سۆهراب زادە\" لە ساڵی ٩٤دا نەشتەرگەری بۆ کراوە بەڵام بە هۆی چڵک و برینەوە، تۆشی خوێن ڕێژی بووە.

جێی باسە بە هۆی تێچووی زۆر بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی دەست کورتی بنەماڵەکەی و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ناسنامەی ناوبراو لە لایەن کاربەدەستانی زیندانەوە لە کاتی قۆڵبەستکردنی، \"ئەفشین سۆهراب زادە\" لە هەموو جۆر بە کارهێنانی بیمە بێبەش بووە.