"ئەفشین حوسێن‌پەناهی" مەرەخەسی پێدرا

16:44 - 28 رەشەمه 2719

"ئەفشین حوسێن‌پەناهی"، چالاکی مەدەنیی و ژینگەپارێزیی کورد، لە گرتنگەی ناوەندیی سنە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بە وتەی "ئەمجەد حوسێن‌پەناهی" چالاکی مافی مرۆڤ، "ئەفشین حوسێن‌پەناهی"، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تەمەنی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، ئیزنی چەند ڕۆژ مەرەخەسی پێدراوە.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە دەڵێت: "پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەخشنامەی هێزی دادوەری سەبارەت بە پێدانی مەرەخەسی به زیندانییان، هەم بنەماڵەکەمان و هەم براکەم ئەفشین چەند جار داوای پێدانی مەرەخەسیان لە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی سنە کردبوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە پێدانی مەرەخەسی به ئەفشین ناڕەزایەتییان دەردەبری و لە کۆتاییدا، بە نێوبژیوانیی چەند کەس لە چالاکانی مەدەنیی سنە و دانانی بارمتەی قورس لەگەڵ پێدانی مەرەخەسییەکەی ڕەزامەندی دەربڕا".

"ئەفشین حوسێن‌ پەناهی"، چالاکی مەدەنی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەییەکانی هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکردنی "ڕامین حوسێن ‌پەناهی"، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەییەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، لە ساڵی ٩٠ لە ئەنجامی دۆسیەیەکی مردنی گوماناوی براکەی "ئەشرەف حوسێن‌پەناهی" بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی مەحکووم و پاش تەواو بوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.