ئەفشین حوسێن‌پەناهی بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

11:43 - 24 بانەمەڕ 2722

ئەفشین حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو حوکمەی بە بەبێ ئامادەبوونی ئەو چالاکە مەدەنییە (بە شێوەی غەیابی)، بە سەریدا سەپاندووە و ڕۆژی شەممە ١٧ی بانەمەڕ، ئەو حوکمە بە ئەفشین حوسێن‌پەناهی ڕاگەیەندراوە.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی لە دادگادا، لەمەڕ ئەو حوکمە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕێکخراوەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" لەلایەن لقی دووی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بانگهێشت کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ساڵی ٩٩، ئەو چالاکە مەدەنییە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ٣ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی، بە لێخۆشبوونی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی کە پیشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٨ و نیو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی ڕامین حوسین‌پەناهی، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی (ئەشرەف حوسێن‌پەناهی) بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.