ئەفشین حوسێن‌پەناهی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا

15:51 - 30 سەرماوەز 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەز، "ئەفشین حوسێن‌پەناهی" چالاکی مەدەنی، بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕێگەی پەیوەندییەکەی تەلەفۆنیدا بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و سەبارەت بە بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی سنە لەسێدارە درا، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئەفشین حوسێن‌پەناهی پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا".

هەر لەو پەیوەندییەدا، مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٩٩، پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ٣ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنە، بە لێخۆشبوونی مەرجدار لەو زیندانە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بەپێی بانگهێشتنامەکەی کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەر وەریگرتووە، دەبێ پێنج ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتە بۆ دادکۆکی لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە لقی دووی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە ئامادە بێت.

"ئەفشین حوسێن‌پەناهی" کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تەمەنی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ئیزنی چەند ڕۆژ مەرەخەسیی پێ درابوو.

ناوبراو کە پیشینەی هاوکاریکردنی لەگەڵ ناوەندە ژینگەییەکان لە دۆسییەکەیدا هەیە، مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرابوو.

‎ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی ڕامین حوسین‌پەناهی، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی کە پیشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی "ئەشرەف حوسێن‌پەناهی" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم و پاش کۆتایی ماوەی حوکمی زیندانییەک لە زیندان ئازاد کرابوو.