ئەفشین حوسێن‌پەناهی بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئیننقلابی سنە کرا

13:56 - 22 خەزەڵوەر 2721

ئەفشین حوسێن‌پەناهی چالاکی مەدەنی، بانگهێشتی لقی دووی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بەپێی بانگهێشتنامەکەی کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەر وەریگرتووە، دەبێ پێنج ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتە بۆ دادکۆکی لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە لقی دووی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە ئامادە بێت.

دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە ئەو چالاکە مەدەنییەی بە "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، ئەو چالاکە مەدەنی و ژینگەییە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ٣ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی، بە لێخۆشبوونی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

"ئەفشین حوسێن‌پەناهی" کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تەمەنی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ئیزنی چەند ڕۆژ مەرەخەسیی پێ درابوو.

‎ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی ڕامین حوسین‌پەناهی، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی کە پیشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی (ئەشرەف حوسێن‌پەناهی) بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.