"ئەفشین حوسێن ‌پەناهی" پاش ٥ ڕۆژ مورەخەسی گەڕێندرایەوە زیندان

10:56 - 3 رێبەندان 2719

"ئەفشین حوسێن ‌پەناهی"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هاتبووە مورەخەسییەوە و پاش ٥ ڕۆژ گەڕێندرایەوە زیندان.

"ئەمجەد حوسێن‌ پەناهی"، چالاکی مافی مرۆڤ و برای "ڕامین و ئەفشین حوسێن ‌پەناهی"، لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "ئەفشین لە مێژە لە ئێشی لاق  و نێوقەدی ئازار دەچێژێت و بنەماڵەکەمان داوامان کردبوو کە لە دەرەوەی زیندان چارەسەریی بۆ بکرێت کە پاش داواکارییە بەردەوامەکانی ئەفشین و بنەماڵەکەمان لەگەڵ هاتنە مورەخەسیی براکەم ڕەزامەندی دەربڕا، بەڵام پاش پێنج ڕۆژ، بەبێ بەدەستهێنانی تەندروستی، ڕۆژی سێشەممە گەڕیندرایەوە زیندان".

"ئەفشین حوسێن‌ پەناهی"، چالاکی مەدەنی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەییەکانی هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکردنی "ڕامین حوسێن ‌پەناهی"، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ساڵی ٩٠، بە دوای دۆسیەی گیانلەدەستدانی گوماناویی براکەی بە ناوی "ئەشرەف حوسێن ‌پەناهی"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ساڵێک زیندان و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا.