ئەفسانە بایزیدی، پاش سێ مانگ دەستبەسەری چارەنووسی ناڕوونە

20:39 - 6 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانی کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، هەتا ئێستا چارەنووسی لە ناروونیدا ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایزیدی، کچە خوێندکاری تەمەن ٢٨ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، کە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا، چارەنووسی نادیارە.

ئەو کچە خوێندکارە کە شەوی ٢٣ی خەرمانان بەهۆی ١٩ رۆژ مانگرتن و لە ئەنجامدا تێکچوونی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی بۆکان گوازرابوویەوە، ماوەی زیاتر ٩٠ رۆژە لە ناوەندە ئەمنییەکانی بۆکان لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدایە.

\"22333.jpg\"
ئەفسانە بایزیدی
هەتا ئێستا هیچکام هەیچکام لە کەسووکاری ئەفسانە نەیانتوانیوە چاویان بە کچەکەیان بکەوێت و ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای بنەماڵە و کەسووکاری ئەفسانە دروست کردووە.

پیشتر دایکی ئەفسانە بۆ چاوپێکەوتن و ئاگاداربوون لە دۆخی کچەکەی، ماوەی ٥ کاتژمێر لە بەر درگای ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان راوەستابوو، کە سەرەڕای ئەوەی ئیزنی چاوپێکەوتنیشی پێنەدرابوو، بەرەوڕووی بێڕێزی و سووکایەتیی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات ببوویەوە.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە ساڵی رابردووش دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغە دوور خرایەوە.