ئەفسانە بایزیدی ماوەی ١٩ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە

16:46 - 24 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەفسانە بایزیدی، کچە خوێندکاری کوردی خەڵكی شاری بۆکان، کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە ماوەی نزیک بە ٣ مانگە لە دەستبەسەری‌دایە مانی لە خوادرن گرتووە و باری تەندروستیی تێکچووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢٣ی خەرمانان ئەفسانە بایزیدی کە ماوەی ١٩ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە، باری تەندروستیی تێکچووەو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بردراوەتە نەخۆشخانەی بۆکان.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان رایگەیاند؛ هیزە ئەمنییەکان بە نهێنی ئەفسانەیان بردۆتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەفسانە لەلایەن خەڵکەوە ناسراوەتەوەو بنەماڵەکەیان لێ ئاگادار کردۆتەوەو سەرەڕای ئەوەیکە کەسوکاری ئەو کچە خوێندکارە چوونەتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەو هیزانە ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نەداون.

\"22100.jpg\"
ئەفسانە بایزیدی
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە؛ ئەفسانە بایزیدی، بە پزیشکەکانی گوتووە ماوەی ١٩ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە و تەنانەت ئیزنی بە پزیشکەکان نەداوە \"سیرۆم\"یشی لێ وەسڵ بکەن و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نەخۆشخانە بردراوەتە دەرەوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردۆتەوە، کە روون نییە ئەو هێزانە سەربە کام لە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری بۆکان بوون، بەڵام پێشتر ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردبوویەوە، کە ئەفسانە لە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری بۆکان لە دەستبەریدایە.

ئەفسانە بایزیدی رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستاش بەبێ دادگایی کران، لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئە وشارە لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و لێپرسینەوەدایە.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە ساڵی رابردووش دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغە دوور خرایەوە.