ئەفسانە بایزیدی لەلایەن ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرایەوە

15:32 - 7 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن مەئمورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنج‌شەممەی رابردوو، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری بۆکان، ئەفسانە بایزیدی، کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری بۆکانیان دەستبەسەر کرد.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بایزیدی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەفسانە لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغەو لەلایەن \"خواهران زینبە\"وە سووکایەتی پێکراوەو بەهۆی ئەوەیکە پێشتر دەستبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرابوو، لەلایەن \"خواهرانی زینب\"ـەی ناو زانکۆوە بەرەوڕووی بێ‌رێزی سووکایەتی بۆتەوە و بە \"عوامل ضد انقلاب\" بانگیان کردووە، کە بەو هۆیەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بە کێشە هاتووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ ئەفسانە پاش ئەوەی گەڕاوەتەوە شاری بۆکان، لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوەو هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە، کە ئەمە نیگەرانیی لە رادەبەدەری لای بنەماڵە کەسوکاری ئەو کچە خویندکارە دروست کردووە.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە، رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی شاهۆ بایزیدی لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و پاش ٢٣ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، بە دانانی ١٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا

ئەفسانە بایزیدی تەمەن ٢٨ ساڵ و کچی ئەبووبەکر، ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردیەیکان بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراو براکەشی بەناوی شاهۆ بایزیدی ٦ مانگ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە.

لە رۆژانی رابردوودا، ئەفسانە بایزیدی، لەلایەن بەشی کاروباری خوێندکاریی وەزارەتی زانستەوە، لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری مەراغە دوور خرابوویەوە.