ئەفسانە بایزیدی بە دانانی ١٥٠ ملوێن تمەن بارمتە ئازاد کرا

18:46 - 21 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری بۆکان پاش زیاتر لە ١٠٠ رۆژ دەستبەسەری، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەزبەر، ئەفسانە بایزیدی، کە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، بە سپاردنی بارمتەیەکی ١٥٠ ملوێن تمەنی، هەتا کاتی دادگایی کرانی ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەفسانە بایزیدی کە لەو ماوەیەدا لە ژووری تاکە کەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و ورمێ لە دەستبەسەریدا بووە، هەتا ئێستا تۆمەتەکەی پێ رانەگەیەندراوە.

\"22656.jpg\"
ئەفسانە بایزیدی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ئەو کچە خوێندکارە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا ٢٣ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو، کە بەو هۆیەوە تووشی لاوازیی جەستەیی هاتووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بایزیدی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند؛ ئەفسانە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا هەموو رۆژێک لێپرسینەوە و هەڕەشەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لێکراوەو بەردەوام بەرەوڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و رۆحیش بۆتەوە.

ئەفسانە بایزیدی، رێکەوتی ٥ی پووشپەری ئەمساڵ، لە کاتێکدا لە زانکۆی پەیام‌نووری مەراغە سەرقاڵی خوێندن بوو، لەلایەن \"خواهران زینبه (خوشکانی زەینەبە)\"ـەوە سووکایەتی و جوێنی پێدرابوو، کە بەهۆی پەرچەکدار بەو کەسانە، لەهەمان رۆژدا و پاش گەڕانەوە بۆ شاری بۆکان دەستەبسەر کرابوو.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە ساڵی رابردووش دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغە دوور خرایەوە.