ئەشکەوتێکی ئاهەکی لە نزیک گوندی ڕەحیم ئاوای بۆکان دۆزرایەوە

14:06 - 26 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەشکەوتێکی ئاهەکی لە گوندی ڕەحیم ئاوای سەر بە بەشی سیمینەی شاری بۆکان و لە سەر ڕێگەی هێڵی گواستنەوەی گاز لە ئێران بۆ وڵاتی تورکیە دۆزرایەوە.

هەواڵدەریی \"ئیرنا\" لە زاری بەرپرسی ئیدارەی میراتگەری فەرهەنگی و گەشتیاری شاری بۆکان، بڵاوی کردەوە، ئەو ئەشکەوتە سروشتییە لە قوڵایی پێنج مێتری زەوی هەڵکەوتووە و دەتوانین وەکوو ناوەندێکی گەشتیاری کەڵکی لێ وەربگرین.

به وتەی بەرپرسی میراتگەری و گەشتیاری شاری بۆکان، لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیاند: دۆزینەوەی ئەو ئەشکەوتە، ئەو ڕوانگەیەی لە لای خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست کردووە، کە ئەو ئەشکەوتە بەهای مێژوویی و گەشتیاری هەیە و پێشیان لە درێژەی کاروباری گواستنەوەی ڕاکێشانی لوولەی گاز بۆ وڵاتی تورکیە گرتووە.

ئەسعەد جەمیانی لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیاند: ڕووبەری ئەو ئەشکەوتە ٣١٥ مێتر چوارگۆشەیە و دوور لە هەر جۆرە ئاسەوارێکی مێژوویی و کەوناراییە و ئەو ئەشکەوتە ئاهەکییە لە ئێستەدا بە هۆی هەڵکەندنی چاڵاو وشک بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، پەیمانکاری پرۆژەی کێشانی لوولەی گاز بۆ ئۆرووپا، بەڵێنی داوە لە مەودای ١٠ مێتری ئەو ئەشکەوتەدا، هێڵی گازەکە بگۆڕێت.

گواستنەوەی لوولەی پارس ١ هەزار و ٧٤٥ کیلۆمێترە و بۆ گواستنەوەی گازی ئێران بۆ ئورووپا لە ڕێگای وڵاتی تورکیەوە تێدەپەڕێت.