ئەشکان ئەمینی، برای ژینا-مەهسا ئەمینی هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێکرا

21:45 - 3 خەزەڵوەر 2722

لە بەرەبەری چلەی قەتڵی حکوومەتی ''ژینا ئەمینی'' و بە دوای بانگەوازە جۆراوجۆرەکان بۆ درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە ئێران، بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە توندی لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان و ئەشکان ئەمینی برای ژینا هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێ کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەر و لە ٣٩هەمین ڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، بۆ ڕێگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، بنەماڵەکەی بە توندی لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان دان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ''کوردپا''ی ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفونییەوە گوشاریان خستووەتە سەر ئەشکان برای ژینا، کە دەبێت بەیاننامەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەنەچوونی چلەی ژینا ئەمینی بڵاو بکاتەوە، کە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو کارە، دەسبەسەر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەر، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی "شاری ئانلاین سەقز" سەر بە فەرمانداری ئەو شارە، بەیاننامەک بە ناوی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە پەیوەندیی بە بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا، بڵاو کراوەتەوە، کە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی ئەو بەیاننامەیەی ڕەت کردەوە.

''عێرفان مورتزایی'' کوڕە پووری ژینا لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا وتوویەتی کە ئەو بەیاننامەیە لە سەر بڕیاری ''جەعفەر توان'' فەرمانداری سەقز بە ناوی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی "شاری ئانلاینی سەقز" بڵاو کراوەتەوە و هیچ پەیوەندیی بە بنەماڵەی ژینا ئەمینیەوە نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بەیاننامەیە ناڕاستە و تەنانەت ئەدەبیاتی لەگەڵ ئەدەبیاتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، جیاوازە.

عیرفان مورتزایی لە درێژەدا، وتوویەتی کە گوشاری زۆر لە سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی هەیە و ئەو گوشارە هەنووکە بەردەوامە.

ژینا (مەهسا) ئەمینی، لە ئەنجامی لێدانی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە شاری تاران چووە بێهۆشی درێژخایەن و ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا.