ئەسکەندەر لوتفی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان مانگرتن تەڕی دەست پێ کرد

11:30 - 17 جۆزەردان 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان، "ئەسکەندەر لوتفی" وتەبێژی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، مانگرتنی وشکی خۆی بۆ مانگرتنی تەڕ گۆڕی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردان، پێی ڕاگەیەندراوە کە بۆ زیندانی مەریوان دەگوازرێتەوە و پاش تێپەڕاندنی قۆناغی یاسایی ناوبراو بە دانانی بارمتە ئازاد دەکرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان هەتا ئیستا ئەو ڕەوتەیان جێبەجێ نەکردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان، "ئەسکەندەر لوتفی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەمەڕ بەردەوامیی دەسبەسەریی نایاسایی و لەژێر گوشاردابوونی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەستی بە مانگرتنی وشک کردبوو.

پاش مانگرتن لە خواردنی وشک لەلایەن ئەسکەندەر لوتفی، لەسەر بڕیاری شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردان، ٦١ چالاکی سێنفی لە پشتیوانی لە ئەسکەندەر لوتفی مانیان لە خواردن گرتووە و ئەو ڕەوتە درێژەی دەبێت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، "شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا" لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، دەسبەسەر و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شەعبان محەممەدی ئازاد کرابوو.

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە سنە کرابوون.

 دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوون.