ئەسکەندەر لوتفی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان دەستی بە مانگرتنی وشک کرد

18:14 - 9 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی جۆزەردان، "ئەسکەندەر لوتفی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەمەڕ بەردەوامیی دەسبەسەریی نایاسایی و لەژێر گوشاردابوونی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەستی بە مانگرتنی وشک کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان "ئەسکەندەر لوتفیـ"ـیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دان بەوەدا بنێت کە پەیوەندیی بە دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی فەرانسەوی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "بڕیاری دەسبەسەرکردنی کاتیی ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەلایەن لێپرسی لقی ١ی دادگای ئینقلاب و بە ڕەزامەندیی دادستانی مەریوان درێژ کراوەتەوە."

دوو هاووڵاتیی فەرانسەوی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ کە ئەندامی فێدراسیۆنی بارهێنان و فەرهەنگیی سەندیکای کاری وڵاتی فەرانسەن، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر و ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە ئەوانی بە "ئەندامگیری" لەگەڵ چالاکانی سێنفیی مامۆستایان و کرێکاران بۆ "ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سێنفی و بەلاڕێدابردن" بە مەبەستی "نائەمنی و ئاژاوەنانەوە" تاوانبار کردووە.

هەورەها ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی بانەمەڕ، مامۆستایانی مەریوان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەمەڕ درێژکردنەوەی بڕیاری دەسبەسەریی ئەسکەندەر لوتفی، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا و سێناریۆی ئەمنییەتی و پڕوپاگەندەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، لە بەرانبەر دادگوستەریی ئەو شارە، بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، مامۆستایانی مەریوان درێژکردنەوەی دەسبەسەریی ئەو سێ مامۆستا کوردەیان مەحکووم و خوازیاری ئازادکردنی ئەوان بوون.