ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزران

12:13 - 17 بانەمەڕ 2722

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان پاش دەسبەسەرکرانیان، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە لە سنە، کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو ئەو دوو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفوونیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ ئەو دوو ئەندامەی هەیئەتی بەڕێوەبەرییەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان لەو ماوەیەدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

لەلایەکی دیکەوە شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایانگەیاندووە ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیان لە دەسبەسەری تێپەڕاند.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ "ئەسکەندەر لوتفی، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا" لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرابوون و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ "شەعبان محەممەدی'' ئازاد کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو دوو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان، هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.