ئەسکەندەر لوتفی بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا

19:19 - 22 جۆزەردان 2722

ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنابوو.

سالح نیکبەخت، پارێزەری ئەسکەندەر لوتفی لەمەڕ دۆخی ناوبراو لە نۆهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا، بە "ڕادیۆ فەردا"ی ڕایگەیاندبوو: "دۆسیەی لێکۆڵینەوەی ئەسکەندەر لوتفی بە دەرکردنی بڕیاری نەبوونی سەلاحییەت لە دادسەرای مەریوان، ڕەوانەی دادسەرای زیندانی ئێڤین کراوە".

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان، "ئەسکەندەر لوتفی" مانگرتنەکەی لە مانگرتنی وشک بۆ مانگرتنی تەڕ گۆڕیبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان، "ئەسکەندەر لوتفی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەمەڕ بەردەوامیی دەسبەسەریی نایاسایی و لەژێر گوشاردابوونی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەستی بە مانگرتنی وشک کردبوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، "شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا" لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، دەسبەسەر و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شەعبان محەممەدی ئازاد کرابوو.

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە سنە کرابوون.

 دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوون.