ئەسکەندەر لوتفی بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا

19:13 - 15 پووشپەڕ 2722

ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شورای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ دابڕگەی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە سێنفییە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ لە پەیوەندییەکانی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە بڕیارە بۆ بەندی گشتی ڕایگوازن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان بنەماڵەی لوتفی بۆ یەکەم جار توانیان چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو لە ڕێگای "کابینی" بکەن.

ئەو چاوپێکەوتنە لە کاتێکدا بووە کە مەئموورانی ئەمنییەتی ئەو چالاکە سێنفییە و بنەماڵەکەیان ناچارکردبوو کە لەگەڵ یەکتری به فارسی قسە بکەن.

ئەسکەندەر لوتفی لە وتووێژ لەگەڵ بنەماڵە ڕایگەیاندووه کە لێپرسینەوەکەی پەیوەندیی بە دوو مامۆستای فەرانسەویی دەسبەسەرکراو بووە.

ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان "ئەسکەندەر لوتفی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەمەڕ بەردەوامیی دەسبەسەریی نایاسایی و لەژێر گوشاردابوونی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەستی بە مانگرتنی وشک کردبوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، "شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا" لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، دەسبەسەر و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شەعبان محەممەدی ئازاد کرابوو.

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە سنە کرابوون.

 دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوون.