٢٤ ئەسپی کاسبکاران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە کوشت چوون

20:50 - 27 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە گوندی بێورانی شاری سەردەشت، ٢٤ ئەسپی کاسبکارانی کورد بە کوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ پووشپەڕ، بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە پاسگای \"دووپەزە\" لە گوندی بێوارن،بوو بە هۆی کوژرانی ٢٤ ئەسپی کاسبکارانی کورد و دەستگرتن بە سەر شتومەکی ئەو کاسبکانەدا.

ئەو ڕووداوە لە شوێنێک بە ناوی\"قانگە بەرد\" لە پشت \"بەردەپان\" ڕووی داوە و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی دەستیان گرتووە بە سەر کەلوپەلی کاسبکاران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: زۆربەی کاسبکارەکان خەڵکی گوندی \"میرشێخ حەیدەر\" و گوندەکانی دەورووبەری ئەو گوندە بوون.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.