ئەستاندنی بەڵێنیی نووسراو لە كۆڵبەران لەپێناو گیانیان

21:17 - 12 بانەمەڕ 2712
كوردپا: فەرماندەی یەكێك لە بنكە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران داوای لە كۆڵبەرانی سنووری مەریوان كردووە كە بە نووسراوە بەڵێنی بدەن كە ئەگەر لە یەك كیلۆمیتریی سنووركوژران، بەرپرسایەتیی گیان لە ئەستۆی خۆیانە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی رێكەوتی 9ی بانەمەڕ، یەكێك لە قەرماندە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەناوی \"حاتەمی\" لە ناوچەی \"سەرشیو\"ی سەر بە مەریوان لە بزاڕچەی \"دەروەران\" ئامادە بووە و داوای لە كۆڵبەرانی كورد كردووە كە فۆرمی بەڵینی پڕ بكەنەوە، لەو فۆرمەدا نووسراوە كە بەپرسایەتیی كوژرانی كۆڵبەران لە لە مەوادی یەك كیلۆمیتریی سنوور، لە ئەستۆی خۆیانە.

هەواڵنێری كوردپا لە مەریوان لەزاری یەكێك لە كۆڵبەرانەوە كە خۆی لەوێ‌ ئامادە بووە ئاشكرای كردووە، كۆڵبەرانی كورد لە واژۆی ئەو بەڵێنیە خۆیان بواردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ئەنجامی خۆ بواردنی كۆڵبەرانی كورد لە واژۆ كردنی ئەو فۆرمە بەڵینی نامەیە، ئەو لێپرسراوە نیزامیە هەڕەشەی هەلسوكەوتی توندتری لە كۆڵبەران كردووە.

لە ناوچە کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران و بە تایبەت ناوچە سنووریەکان بە هۆی نەبوونی هەل و دەرەتانی کار و دۆخی تایبەتیی ناوچەکە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ناچارن پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری هەڵبژێرن و بەم بۆنەشەوە زۆر دەکەونە بەر دەستڕێژی هێزە ئەمنیەتی و نیزامیەکانی حکوومەتی ئێران و دەکوژرێن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە سەرەتای مانگی خاكەلێوەوە بەهۆی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران 3 كۆڵبەری كورد گیانیان لەدەست داوە و چەند کۆڵبەری دیکە بە هۆی رووداوی تەقینەوەی مین و هەروەها لە سەرما رەق هەڵاتوون.