زانیاریی تەواوکەری؛ لەسێدارەدانی ئومید بێهزاد، قوتابیی ۲۱ ساڵانی کورد، لە شوێنێکی نادیار و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکەی

21:35 - 12 گەلاوێژ 2726

١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ بەپێی زانیارییە تەواوکەرەکان بەدەستی کوردپا گەیشتوون، «ئومید بێهزاد» هاووڵاتیی کورد، ۲۱ ساڵان، سەڵت، خەڵکی ورمێ و دانیشتووی شارۆچکەی سپای ئەم شارە و قوتابیی زانکۆی ئازادی ورمێ بووە. ناوبراو ڕەشەمەی ۱۴۰۴، نزیکەی حەفتەیەک دوای دەستپێکردنی شەڕی ۴۰ ڕۆژە، دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «ئومید بێهزاد» لە کاتێکدا لە سێدارە درا کە دوای ناڕەزایەتیی پارێزەرەکەی بەرانبەر سزای لەسێدارەدان، ڕۆژی شەممە ۱۰ی گەلاوێژی ۱۴۰۵ سزاکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵوەشابووەوە، بەڵام بەم حاڵەشەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ۱٢ی گەلاوێژی ۱۴۰۵ لە شوێنێکی نادیاردا لە سێدارە درا.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوێنێ ۱۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۵یش بنەماڵەکەی بۆ ئەنجامدانی دوایین چاوپێکەوتن بانگهێشت کرابوون، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێکردنی سزاکە، سەرباری هەڵوەشاندنەوەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، نەدراوە و ڕوون نییە لە مەودای نێوان هەڵوەشاندنەوەی سزاکە و جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکەدا چی ڕووی داوە و لە کوێ لە سێدارە دراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، تەنیا هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئومید بێهزاد ئەمە بووە کە لە کاتی پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتدا فیلتەرشکێنی بەکارهێناوە و بەم هۆیەوە دەستڕاگەیشتنی بە ئینتێرنێت هەبووە و ئۆنلاین بووە. ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکان دوای دەسبەسەرکردنی، بە بینینی ئەندامەتیی پێشتری لە کاناڵی تێلێگرامیی «ئێران ئینتەرناشناڵ»، تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی ناو دۆسییەکەیان داوەتە پاڵی.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نییە کە «ئومید بێهزاد» لە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیدا پارێزەری هەڵبژێردراوی هەبووە یان پارێزەری دەستنیشانکراوی دادگای بۆ دیاری کراوە. بەم حاڵەشەوە، بنەماڵەکەی بە دڵنیاییەوە لەوەی کە ناوبراو تووشی هیچ تاوانێک نەبووە، بە هیوای چارەسەربوونی ددۆسییەکە و بە هۆکاری دیارینەکراو، لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکردنی خۆیان بواردبوو.

هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ هەواڵی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو کەسی بە ناوەکانی «ئومید بێهزاد» و «پووریا سەفوەت»ی بە ئیدعای "ناردنی زانیاریی دیارکەری شوێنە هەستیارەکان بۆ موووساد"  ڕاگەیاند. ئەم هەواڵدەرییە تەنانەت ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، کاتی دەسبەسەرکردن و چارەنووسی تەرمەکانیشیان نەکردووە و تەنیا ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی بڕدراو و مۆنتاژکراوی ئەوانی بڵاو کردووەتەوە.

هەواڵدەریی میزان ئیدعای کردووە کە «ئومید بێهزاد" لە ڕەوتی شەڕی ۴۰ ڕۆژەدا، چەندین جار زانیاریی دیاریکەری بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی بۆ مووساد ناردووە، بەڵام تەنیا ۳۱ چرکە لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی بڵاو کراوەتەوە و تەنیا باسی لە ناردنی شوێنگەلێک بۆ "کاناڵێکی تێلێگرامی" کردووە کە پێشتر ناسیوونیو ناوی کاناڵەکەش لە ڤدیۆکەدا دیار نییە.

هەواڵدەریی میزان بەبێ ئاماژەدان بە پرۆسەی وردی پێڕاگەیشتنی دادوەری، دەستڕاگەیشتنی ئەم دوو کەسە بە پارێزەر و چۆنیەتیی بەرگریی ئەوان لە دادگا ئیدعای کردووە کە حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیارییە تاایبەتەکانی کوردپا. حوکمی لەسێدارەدانی ئومید بێهزاد پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەەکەی لە دیوانی باڵای وڵااتد هەڵوەشاوەتەوە، دیسان لە شوێنێکی نادیاردا جێبەجێ کراوە.