ئاشخانە؛ ئەمیرمحەممەد هاجەری، کوردی کرمانجی دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، حەفتەی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سزای ۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت

11:39 - 12 گەلاوێژ 2726

۱۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «ئەمیر‌محەممەد هاجەری»، لاوی ۲۴ ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی «ئاشخانە» سەر بە خوراسانی باکوور کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرابوو، ئەم دواییانە لەلایەن دادگای ئینقلابی شارستانی بۆجنووردەوە سزای ۳ ساڵ و ۶ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێنراوە و بڕیارە حەفتەی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندان بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ «ئەمیر‌محەممەد هاجەری» لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شارستانی بۆجنووردەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سادق ڕەفیعی» بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ۳ ساڵ و ۶ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ۶ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێنراوە کە بە جێبەجێکردنی یاسای سزای دژوارتر، سزای جێبەجێکراوی ئەو ۳ ساڵ و ۶ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاو دەبێت.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم سزایە لە ۲۸ی پوشپەڕی ۱۴۰۵دا دەرچووە و بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندراوە. هەروەها ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و تەنانەت لە بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی دانیشتنی دادگاش ئاگادار نەبووە. بەپێی ئاگاداریی ڕاگەیاندنەکە، ناوبراو تا حەفتەیەکی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر دەکرێت و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت.

«ئەمیرمحەممەد هاجەری» ڕۆژی ۲۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴، لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

ئەو دوای چوار ڕۆژ دەسبەسەرکردن لە شوێنێکی نادیاردا بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد گوازرایەوە و سەرەنجام ڕۆژی ۱۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴ بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.