بۆجنوورد؛ مەحموود شاددڵ، کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانباری ۱۴۰۴، بە ۳ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا
١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «مەحموود شاددڵ»، هاووڵاتیی ۳۰ ساڵانی کوردی کرمانج، خەڵکی «ئاشخانه» سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور و پاڵەوانی پێشبڕکێکانی ماتۆڕسواریی ئاستی سەرتاسەریی ئێران، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا کەوتبووە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی سەختەوە، لەم دواییانەدا لەلایەن دادگای ئینقلابی شارسی بۆجنووردەوە بە ۳ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «مەحموود شاددڵ» لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەید جەعفەر هاشمی» بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» بە ۳ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. ئەم سزایە ڕۆژی ۲۰ی پووشپەڕی ۱۴۰۵ بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و هەروەها هۆشداریی پێ دراوە کە لە ئەگەری ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر سزاکە، سزاکەی قورستر دەبێتەوە.
«مەحموود شاددڵ» نزیکەی ۱۰ ڕۆژ دوای ناڕەزایەتییەکانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، ئۆتۆمبێلەکەشیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە. ئەم سەرچاوە ئاگادارە بۆ کوردپای پشتڕاست کردەوە کە ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ گرتنگەیەک لە شوێنێکی نادیار، کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجە و لە ڕەوتی لێپرسینەوەکاندا «نینۆکەکانی لاقی ڕاکێشراون» تا تۆمەتە سەپێندراوەکان قەبووڵ بکات، بەڵام ئەو لە قەبووڵکردنیان خۆی بواردووە. ناوبراو دوای دوو حەفتە لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.