لەسێدارەدانی ئومید بێهزاد و پووریا سەفوەت؛ بە تۆمەتی سیخوڕی، بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی لەسێدارەدان و وردەکاریی دۆسییەکە و تەنیا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ
هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ هەواڵی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو کەسی بە ناوەکانی «ئومید بێهزاد» و «پووریا سەفوەت» ڕاگەیاند. کۆماری ئیسلامی ئەم دوو لاوەی لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ۱۲ ڕۆژە و شەڕی ۴۰ ڕۆژە و بە ئیدعای تۆمەتی «ناردنی زانیاریی دیاریکەری شوێنە هەستیارەکان بۆ مووساد» لە پرۆسەیەکی نهێنی، تەمومژاوی و لە ناڕوونیدا لە سێدارە داوە. ئەم ڕاگەیاندنە تەنانەت ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، کاتی دەسبەسەرکردن و چارەنووسی تەرمەکانیشیان نەکردووە و تەنیا ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی بڕدراو و مۆنتاژکراوی ئەوانی بڵاو کردووەتەوە.
هەواڵدەریی میزان ئەم دوو کەسەی وەک «هاوکار و توخمی عەملیاتیی مووساد» ناساندووە وسەبارەت بە «ئومید بێهزاد» ئیدعای کردووە کە «لە ڕەوتی شەڕی ۴۰ ڕۆژەدا، چەندین جار زانیاریی دیاریکەری بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی لە ڕێگەی نەرمئامێرەکانی شوێندۆز و لەسەر نەخشە، لە ڕێگەی کەناڵە تلگرامییەکانی سەر بە مووسادەوە، ڕاستەوخۆ ناردووە، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ کەناڵێک بهێنێت». ئەمە لەکاتێکدایە کە ئومید بێهزاد لە تەنیا ۳۱ چرکە لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی بڵاوکراودا دەڵێت: «دەستم پێکرد بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشتر بە پەنایاندا تێپەڕیبووم و دەمزانین و لە مێشکمدا بوو، ناردم بۆ کەناڵێکی تلگرامی»
ئەم هەواڵدەرییە هەروەها سەبارەت بە «پووریا سەفوەت» کە وەک «سەربازی نێتانیاهوو» لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ۱۲ ڕۆژە ناوی هێناوە، ئیدعای کردووە کە لە ڕێگەی «تۆڕی کاناڵی ئاسمانیی ئینتەرناشناڵەوە زانیاریی دیاریکەری بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی بۆ ئەم کاناڵە ناردووە، لە هەندێک حاڵەتدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مووسادەوە گرتووە و وێنەی بۆردومانەکان و سیستمە پەدافندییەکانیشی بۆ ئێران ئینتەرناشناڵ ناردووە». بەڵام، پووریا سەفوەت لە تەنیا ۱۰ چرکە لە فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی بڵاوکراودا دەڵێت کە لە ڕێگەی تێلێگرامەوە پەیامی بۆ ئێران ئینتەرناشناڵ ناردووە و « زانیاریی دیاریکەری هەندێک لە بنکەکان، مزگەوت، بنکەی بەسیج و ئیدارەی ئیتلاعات»ی ناردووە.
لە کۆتاییدا، هەواڵدەریی میزان بەبێ ئاماژەدان بە پرۆسەی وردی پێڕاگەیشتنی دادوەری، ژمارە و چۆنیەتیی دانیشتنەکانی دادگا، چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی ئەم دوو کەسە بە پارێزەر (چ پارێزەری هەڵبژێردراو یان دەستنیشانکراوی دادگا)، ئەگەری دەستڕاگەیشتنی پارێزەر بە دۆسییەکە، چۆنیەتیی بەرگریی ئەوان لە دادگا و مافی ناڕەزایەتی بەرانبەر سزاکە، لە کاتێکدا تەنانەت ڕێکەوتی دەسبەسەرکردنیان ڕانەگەیەندراوە، ئیدعای کردووە کە «دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، دەرکردنی داواکاریی پێڕاگەیشتنی یاسایی و پێڕاگەیشتنی دادگا بەپێی دانپێدانانەکان و بەڵگە و پەیامە دۆزراوەکانی دیکە، سزای لەسێدارەدان دەرکراوە و پاشان لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە.»
لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە تا پێش ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی سزاکە، هیچ هەواڵێک لە دەسبەسەرکردن، دۆسییە یان ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەوان نە لەلایەن دانوستانکارە حکومییەکان و نە لەلایەن ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو نەکرابووەوە. هەروەها تەنیا وێنە بەردەستەکانی ئەم دوو کەسە، پەیوەندیدار بە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ۵۳ خولەکیی بڵاوکراو لەلایەن هەواڵدەریی میزانەوە کە لەم ماوەیە، تەنیا ۳۱ چرکەی بۆ قسەکانی ئومید بێهزاد و ۱۰ چرکەی بۆ قسەکانی پووریا سەفوەت تەرخان کراوە. ئەم ڤیدیۆیە، ئەو دوو کەسە لە شوێنێکی نادیاردا نیشان دەدات و هاوکات وێنەی شوێنەکانی ئامانجی هێرشەکان بڵاو دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی ڕوون بێت ئەم شوێنانە کوێن. هەروەها لە بەشی نیشاندانی پەیامەکاندا، ناوی کەناڵە تێلێگرامییەکە کە هەواڵدەریی میزان ئیدعا دەکات سەر بە مووساد بووە، ڕەش کراوەتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ۲۷ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ـەوە تا ئێستا لانیکەم ۱۲ کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە داوە؛ ۱۰ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی یان هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ۲ کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ وڵاتێکی عەرەبیی نادیار. ناوی ئەم کەسانە بریتین لە: کوورش کەیوانی، مێهدی فەرید، یەعقووب کەریمپوور، ناسر بەکرزادە، عرفان شکورزادە، ئێسحان ئەفراشتە، علی نادر ئەلعەبیدی، فازڵ شێخ کەریم، موجتەبا کیان، غوڵامڕەزا خانیشەکەرئاو، ئومید بێهزاد و پووریا سەفوەت.
وێنەی وەرگیراو لە فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێ؛ لە ڕاستەوە، ئومید بێهزاد، پووریا سەفوەت