ئەستاندنی بەرتیل لە شۆفیرانی بازاڕچەی پەرویزخان تێکهەڵچوونی لێکەوتەوە

14:07 - 16 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی بەرتیل وەرگرتن لە شۆفیری ماشێنە بارهەڵگرەکانی بازاڕچەی پەرویزخان لە ئوستانی کرماشان، شەڕ و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو ژمارەیەک لە شۆفیری ماشێن هەڵگرەکانی بازاڕچەی مەرزیی پەرویزخان لەمەڕ دۆخی نالەباری ئەو بازاڕچەیە و هەروەها وەرگرتنی بەرتیل لە شۆفیران، ناڕەزایەتییان دەربڕی کەلە ئەنجامدا گرژی و تێکهەڵچوون دروست بوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی چەندین مانگە بەرپرسانی بازاڕچەی پەرویز خان رێژەیەکی بەرچاو بەرتیلیان لە شۆفیری ماشینە بارهەڵگرەکان وەرگرتووە و سەرەڕای چەندین جاڕ ناڕەزایەتیی شۆفیری ماشێنە بارهەڵگرەکان، ئەو بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵییە بەردەوام بووە.

سەرچاوەکە گوتیشی، لەدرێژەی ئەو گەندەڵییەدا لەنێوان بەرپرسانی ئەو بازارچەیە و شۆفیرانی ماشێنە بارهەڵگرەکان شەڕ و تێکهەچوون دروست بوو کە لە ئەنجامدا یەکێک لە شۆفیرانی ئەو بازاڕچەیە لەلایەن بەرپرسانی ئەو بازاڕچەیەوە دراوەتە بەر لیدان و بەتوندی بریندار کراوە.

\"17701.jpg\"
پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو پەیوەندییەدا راپۆرتێکی لەسەر بەرتیل خۆری لەم بازاڕچەیە بڵاو کردبوویەوە، کە بازرگانان و شۆفیری ماشێنە بارهەڵگرەکان بە ئاشکرا بەرتیلیان لێ دەستێندرێت.

وەرگرتنی بەرتیل لەو شۆفیرانە لە کاتێک دایە کە ماوەیەک پێش ئێستا دوو کەس لە بەرپرسانی بازاڕچەی سنووریی پەرویز خان بەناوەکانی \"ف\" و \"م\" بەهۆی ئەستاندنی بەرتیل بۆ شوێنێکی دیکە دوور خرابوونەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، رۆژانە شۆفیران و بازرگانانی ئەو بازاڕچەیە بەرتیلیان لێ دەستێندرێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان رۆژانە نزیک بە ١٥٠٠ تانکێری هەڵگری سووتەمەنی لەو بازاڕچەیەوە هاتووچۆ دەکەن.

پێشتریش سەلمان زەهاب‌پوور نوێنەری بازرگانانی پەرویزخان رایگەیاندبوو، هاتووچۆی ئەم تانکێرانە یەک تمەن قازانجی بۆ شاری قەسری شیرین نییە و کۆمەڵێک دەست لە پشتی ئەم مەسەلەیەوە هەن، کە راستەوخۆ قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی ئەو کەسانەوە.