ئەرەستوو مەلاڕەحیمی پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا

19:12 - 5 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ، ئەرەستوو (ڕەسووڵ) مەلاڕەحیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠ ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ جێبەجێکردنی زیندانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، حوکمی زیندانیی ئەرەستوو مەلاڕەحیمی چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەدا لە ورمێ کەم کرابووە.

 ئەو چالاکە مەدەنییە لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکیک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسێندرا و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە تێپەڕاندنی ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد ئەو چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کردبوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی دژی ئەرەستوو مەلاڕەحیمی، ٢٧ی ڕەشەمەی ٩٩ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەسەر ناوبراو سەپێندرابوو و ٧ی خاکالێوەی ١٤٠٠ بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی کفاڵەت لە زیندان ئازاد کرابوو.

 ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە،پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان "ئەرەستوو مەلاڕەحیمیـ"ـیان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک لەبارەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دەسبەسەریان کردبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ناوەندی یاریدەدەرانی مەهاباد و کەمپەینە خەڵکییەکان لەو شارەدا، لە یارمەتیدان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و هەروەها بوومەلەرزەلێدراوانی کۆتۆل و کرماشان ڕۆڵی کارا و چالاکی گێڕاوە.