ئەردەشیر کشاوەرز: زمانی کوردی یەکلایی کەرەوەیە

13:23 - 19 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کرماشان وەکوو پڕحەشیمەترین شاری کوردنشینی ئێران، لەدێر زەمانەوە گۆڕەپانی کێشە و ململانییەکانی هێزە ناوەندگەراکان لەگەڵ شوناسی نەتەوەیی بووە، هەر بۆیە کەش و هەوای فەرهەنگی ـ سیاسیی ئەو شارە بە بەردەوامی سەرنجی ناوەندگەراکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە مەبەستی تیشک خستنە سەر ئەو پرسە وتووێژێکی کورتی لەگەڵ ئەردەشیر کشاوەرز توێژەر و مێژوونووس پێکهێناوە.

کشاوەرز لەسەرەتادا وتی: فارسی کرماشانی مێژوویەکی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵی لە ئوستانی کرماشاندا نیە، بەڵام پەرەگرتنی نووسینی فارسی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی قاجارییەکان و لەلایەکی دیکەوە بوونی شوێنە مەزهەبیی و زیارەتگاکان وای کردبوو کە خەڵکێکی زۆر بە زاراوەی جۆراوجۆرەوە روو لە ناوچەکانی کرماشان بکەن و ئەو کاروبارانە وای کردووە کە فارسییەک لەژێر ناوی فارسی کرماشانیدا شکڵ بگرێ‌.

ئەردەشیر کشاوەرز لەدرێژەی لێداونەکەیدا ئەوەی رەت کردەوە کە کرماشان بە هیندوستانی ئێران شوبهێندراوە و لەو باوەڕەدابوو، کە دین لەکرماشان تەنیا ئیسلامە و کۆمەڵێک گشتکۆ ( زیر مجموعە)‌ی وەکوو مەزهەبەکان هەیە، هەر بۆیە ناتوانین ئەو مەزهەبانە وەکوو دین لەقەڵەم بدەین و لەلایەکی دیکەوە لە کرماشان فرە \"قەومی\" بوونی نیە و کوردەکان رێژەیان لەوانی دیکە زۆر زیاترە.

ئەو مێژوو نووسە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە گۆیا گاڵتەیان بە راگەیاندنی ئوستانیی \"زاگرۆس\"‌کردووە وتی:\" من بێ‌رێزیم نەکردووە، بەڵکوو وتوومە: ئەو راگەیاندنە کە وەکوو میدیایەکی ناوچەیی کوردستان دێتە ئەژمار نابێ‌گاڵتە بە زمانی کوردی بکات چونکە زمانی کوردی زمانی فەرمیی خەڵکی کوردە و ئەو زمانە یەکلایی‌کەرەوەیە و خاوەنی پێشینە و مێژوویەکی تایبەتە و مێژووییەکی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ بەردەنووسەکانی داریووشی یەکەمی هەخامەنشینییەکان.

\"17285.jpg\"
ئەردەشیر کشاوەرز ئەوەشی خستە روو، بێستوون و تاق وەسان بەڵگەی سەروەری کرماشان و خەڵکی کوردن، تاق وەسان و بەردەنووسەکانی سەرپێڵ زەهاو، قەسری شیرین، روانسەر، دینوور و ساقوندی هەرسین بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و جێگای شانازی خەڵکی کوردن و ئەرکی هەموو هاووڵاتییەکە، پارێزگاری لەو بەڵگانە بکات، هەر چەندە ژمارەیەک لەبەڵگەکان بە هۆی کەمتر خەمی ناوەندە پێوەندیدارەکان لە ناو چوونە.
ئەردەشیر کشاوەرز ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گەڕەکی ئابشورانی کرماشان لەدایک بووە و لەزانکۆی شاپوور بڕوانامەی کارناسای ئەدەبیاتی فارسی وەرگرتووە.

کشاوەرز کتێبێکی لەژێر ناوی \"گرد کرد\" ( پاڵەوانی کورد) نووسیوە و ساڵی ١٣٨٠ش وەکوو نووسەری ساڵ دیاری کرا.

بەردەنگانی ئاژانسی کوردپا دەتوانن دەقی قسەکانی ئەردەشیر کشاوەرز لە بەشی وتووێژی فارسی بخوێنەوە.