ئەردەشیر مووسەوی بە کۆتایی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا

15:57 - 27 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەردەشیر مووسەوی"، بە کۆتایی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕێبەندان، هاوڕێ لەگەڵ مستەفا باقری‌ئاشنا و خەلیل ئەسەدی بووژانی، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرابوو.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری‌ئاشنا، لەلایەن لقی ۲ی دادگای ئینقلابی کرماشان، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شاهرۆخ مورادی"، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی"، هەر کامەیان بە ۹ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان، بۆ هەر کامەیان بۆ ٤ مانگ زیندانی کەم کرابووەوە.

ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری‌ئاشنا، ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی پووشپەڕی ۹۷، لەلایەن هێزه ئەمنییتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری‌ئاشنا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۹۷ هەتا ڕۆژی چوارشەممە ۷ی خەرمانانی ۹۷، لەمەڕ ناڕەزایەتی دەربڕین بە "بێبەریبوون لە مافی یاسایی و هەروەها بێبەریبوون لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان"، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، مانیان لە خواردن گرتبوو.