ئەرتشی ئازادی سووریە دەستیان بەسەر پایەگایەکی دیکەی هەواییدا گرت

17:34 - 4 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئەرتشی ئازادی سووریە پایەگایەکی دیکەی پەدافەندی هەوایی حکوومەتی ئەو وڵاتەیان لە ئوستانی \"دەرعا\" کۆنتڕۆڵ کرد.

رادیۆ فەڕانسە بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوە هێزەکانی ئەرتشی ئازاد باڵی چەکداری \"ئەلنەسرە\" و \"یەرمووک\" پاش زیاتر لە ٢ حەفتە شەڕ و پێکدادان توانیویان پایگای پەدافەندی هەوایی ژمارە ٢٨ی نزیک لە شاری \"سەیدا\" کۆنتڕۆڵ بکەن.

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریە رایگەیاندووە، لەو پێکدادانانەدا ٧ کەس لە هێزەکانی ئەرتشی ئازاد و ٨ کەسیش لە فەرماندەرانی حکوومەتی سووریە کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوە هێزەکانی ئەرتشی ئازاد دەستیان بەسەر پاسگایەکی سەرسنوور لە نێوان سنووری ئۆردۆن و سووریەدا گرتبوو.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی وڵاتی سوریەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٧٠ هەزار کەس کوژراون.

هەروەها رۆژی رابردوو و بەپێی وتەی چالاکانی مافی مرۆڤی سووریە، ٦٤ کەس لەو وڵاتە بەدەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریە کوژراون.

هاوکات هەواڵدەریی رووسیە بڵاوی کردەوە، ٢ وڵاتی فەڕانسە و بریتانیا لە نامەیەکدا رایانگەیاندووە: دەوڵەتی سووریە توانای بەکارهێنانی چەکی شیمیایی هەیە و لەو پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.