ئەحمەد میدەری؛ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی ڕابردووی بە بوومەلەرزەیەکی سیاسی شوبهاند

14:22 - 25 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕاوێژکاری وەزیری ئابووریی حکوومەتی ئێران، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی ڕابردوو لە ئێراندا، ڕووداوێکی سیاسی بوو، کە هەمووانی لەرزاند.

ئەحمەد میدەری لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی کاری ئێران \"ئیلنا\"، ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی بەفرانباری بە بوومەلەرزەیەکی سیاسی شوبهاند و ڕایگەیاند: هێزی نیزامی ـ سیاسیی ئێران، توانایی بەڕێوەبەری قەیرانی شارە چووکەکانی ئەو وڵاتەی نییە.

ئەو ئەندامەی مەجلیسی شەشەم لە ئێران ڕایگەیاند، ئەو بوومەلەرزە سیاسییە یان دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەی سیاسی ئێران بەهێز بێت، یان دەبێت هۆی ئەوەی کە ڕێبەرانی ئێڕان بە هۆش نەیەن و چاوەرێی ئەوە بن، کە بوومەلەرزەیەکی دیکە ڕوو نەدات.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژە کردن بە نارەزایەتییەکانی ٧٧ شاری ئێران وتی: ئەگەر چاوێک لەو شارانەی ئێران بکەین، کە لەوێدا نارەزایەتییەکان بووەتە هۆی کوژرانی هێندێک لە خەڵکی ناڕازی، ڕێژەی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان کەمتر لە شارەکانی دیکە بووە.

ڕاوێژکاری وەزیری ئابووریی ئێران ئەو ناڕەزایەتییانەی وەکوو \"ناڕەزایەتییە کەڵەکەکراوەکان\" ناو برد و ڕایگەیاند: بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن بە واتای ناڕەزایەتیی هەموو نیزامە.

ئەحمەد میدەری، هەروەها بە ئاماژە کردن بە بەرجام ڕایگەیاند: شکستی بەرجام خۆی هۆکاری ناڕەزایەتیی خەڵک بووە و خەڵکیش چاوەڕوانی ئەوە بوون، لە قۆناغی دووی هەڵبژرادنی سەرکۆماری ئاڵوگۆڕ لە ژیانی ئەوان پێک بێت، بەڵام سیاسەتەکانی سەرکۆماری ئامریکا بە خەڵکی سەلماند، کە بەرجام بەڕێوەناچێت و ژیانی ئەوانیش ئاڵوگۆڕی بە سەردا نایەت.

بە وتە ڕاوێژکاری وەزیری ئابووریی ئێران، خەڵکی ئێران لەو باوەڕەدان، کە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی هیج جۆرە ڕێکارێکی بۆ چارەسەریی کێشەکانی ئەوانی پێی نییە.