گێڕانەوەی شایەتحاڵێک لە بەندی ئەمنییەتیی دیزڵاوای کرماشان؛ ناڕوونیی چارەنووسی سەدان دەسبەسەرکراو تا بێبەشکردن و قەدەغەکاریی توند بە شێوەی گرتنگە ئەمنییەکان

22:08 - 3 گەلاوێژ 2726

ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر بنەمای گێڕانەوەی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴، وێنەیەکی بەڵگەمەند لە سیاسەتی دابڕان و گۆشەگیرکردنی دەسبەسەرکراوانی سیاسی و عەقیدەتی لە بەندی ئەمنیی ۹ی زیندانی دیزڵاوای کرماشان پێشکەش دەکات؛ بەندێک کە بە کردەوە بووەتە «زیندان لە ناو زینداندا» و تێیدا بە بەردەوامبوونی شێوازی گرتنگە ئەمنییەکان، دەسبەسەرکراوان ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردنی درێژخایەن و ناڕوونیی چارەنووس، ئەشکەنجە و توندوتیژیی بەردەوام، ناڕوونیی ڕەهای چارەنووس، بێبەشبوون لە مافە سەرەتاییەکان لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە، هەبوونی هێزە ئەمنییەکان و کەسانی نێردراو (جاسووس) دەبنەوە و دلە ۆخی نامرۆڤانەدا ڕادەگیرێن.

ئەم گێڕانەوەیە نیشانی دەدات کە ئەم بەندە ئامرازێکە بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندنی ڕێکخراو، سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و بنەماڵەکانیان و ئەنجامدانی ڕەفتارگەلێک کە نموونەی بەرچاوی ئەشکەنجە و پێشێلکردنی بنەما سەرەتاییەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانەن.

ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای شایەتیدان و گێڕانەوەی ڕاستەقینەی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ ئامادە کراوە کە چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگە ئەمنییەکان و بەندی ئەمنیی ناسراو بە بەندی ۹ی زیندانی دیزڵاوای کرماشاندا زیندانی بووە. بۆ پاراستنی ئاسایش و گیانی ئەم شایەتحاڵە، زانیارییە کەسییەکانی لای ئاژانسی هەواڵگریی کوردپا بە پارێزراوی دەمێننەوە.

۱. زیندان لە زینداندا، بۆ سەرکوتکردنی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی بە شێوەی گرتنگە ئەمنییەکان؛

سەدان کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴، دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە و تێپەڕاندنی چەندین حەفتە لێکۆڵینەوە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگە ئەمنییەکاندا، بۆ بەندی ئەمنیی زیندانی دێزڵاوای کرماشان دەگوێزرێنەوە و دەکرێ بوترێ ئەم بەندە لە ئێستادا پڕە لە دەسبەسەرکراوان. شایەتحاڵی کوردپا کە ماوەیەک لەم بەندەدا بووە، دەڵێت: «لەو ماوەیەی من لەم بەندەدا بووم، هاتنەژوورەوەی دەسبەسەرکراوان بەردەوام بوو و تا ئەو کاتەی لەوێ بووم، ژمارەی ئەو کەسانەی هێنرابوونە ئەم بەندە لە ۶۰۰ کەسیش تێپەڕیبوو.»

بەندی ئەمنیی زیندانی دیزڵاوای کرماشان، ناسراو بە بەندی ۹، لە ئێستادا یەکێکە لە مەترسیدارترین بەشەکانی زیندانی دیزڵاوای کرماشان. ئەم بەندە لە چەند ساڵ پێشەوە بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، ئەرک و پێکهاتەکەی بۆ سەرکوتی دووقاتی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی گۆڕدرا. سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکان و ئەو شتانەی لەمبارەیەوە بیستومە ئەوە بوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی کە پێشتر لە بەندەکانی دیکەدا دابەش ببوون زیادی دەکرد، بەڵام ئامانجی سەرەکی زیاتر لە مودیرییەتی ئاماری زیندانییان، دروستکردنی بەندێکی ئەمنیی دابڕاو لەژێر بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئەمنییەکان لە دڵی زیندانێکی گشتیدایە.

«کۆگاکردنی مرۆڤ» بە ئەشکەنجەی ژینگەیی:

ئەم بەندە ۲۰ ژووری بچووک لەخۆ دەگرێت، هەر یەکەیان بە ڕووبەری نزیکەی ۱۲ میتری دووجا و هەروەها ژمارەیەکی نەزانراو ژووری تاکەکەسی هەیە. هەر ژوورێک بۆ ڕاگرتنی ۱۰ تا ۱۵ کەس دیاری کراوە، بەڵام زیاتر لە ۳۰ زیندانیی تێیدا ڕادەگیرێن. بەهۆی کەمیی تەختەوە، ژمارەیەک لە زیندانییان ناچارن لەسەر زەوی بنوون. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرجەم ئەو کەسانەی لەم بەندەدا ڕاگیراون زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتین.

هەروەها هەندێک لە زیندانییانی سیاسی و بیروباوەڕ کە سزای سێدارە یا زیندانیی قورسیان هەیە بە بێ یەک ڕۆژ مۆڵەتی مەرەخەسی بۆ ئەم بەندە گوێزراونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی کوردپا؛ «حوسێن پاڵانی جاف» و «مەحیەدین عەبدوڵڵاهی»، دوو هاووڵاتیی سزادراو بە سێدارە بە تۆمەتی «بەغی» کە لەم دواییانەدا لە سێدارە دران، لەم بەندەدا ڕاگیرابوون. «نوورعەزیز دارابی»ش کە لە پێوەندی لەگەڵ هێرش بۆ سەر مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێراندا دەسبەسەر کرا و سزای ۲۵ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لەم بەندەدایە.

۲. لەم بەندەدا، زیندانیان مافی ئەوەیان نییە سەبارەت بە یەکتر بزانن و پرسیار بکەن؛

بە وتەی ئەم دەسبەسەرکراوەی بەفرانبار، بەربەستەکان، چاودێریی ئەمنی و سێناریۆ ئەمنییەکان بۆ بێدەنگکردن لەم بەندەدا زۆر بەرزە. بە شێوازێک کە زیندانییان مافی ئەوەیان نییە ناو و زانیارییەکانی یەکتر بپرسن یا زانیارییەکانی خۆیان بە کەسێک بدەن. بەشێوەیەکی گشتی نابێت کەس بزانێت کێ لە ناو ئەم بەندەدایە و ئەگەر بزانن کەسێک زانیارییەکانی خۆی داوەتە کەسێکی تر، بە توندی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن؛ ڕووداوێک کە چەندین جار بۆ خۆم ڕووی دا چونکە بە وتەی خۆیان دژی یاسایە.

بە دەگمەن و بە زەحمەت دەکرێت لەم بەندەدا لە ناو و زانیارییەکانی یەکتر ئاگادار ببیتەوە، چونکە لە ژوورەکانی دابڕگەدا، کەسانی جلی شەخسی لەژێر ناوی دەسبەسەرکراو لە نێوان دەسبەسەرکراواندا بۆ سیخوڕی بەڕێژەیەکی زۆر هەن و بنەمایەک بۆ دڵنیابوون لە وتنی زانیارییەکان نییە. هەروەها لەم بەندەدا زیندانییان هەر وەک دەسبەسەرکردن لە گرتنگە ئەمنییەکان و ژوورەکانی ئیتلاعات، بەردەوام لێکۆڵینەوە و لێدان و ئەشکەنجەیان لەسەرە. لە لایەکی ترەوە، بنەماڵەی زیندانییانیش لە حاڵەتێکدا کە زانیاری لەسەر دۆخی ئازیزانیان بڵاو بکەنەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشە و گوشاری زۆری هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.

دروستکردنی بایکۆتی هەواڵیی ڕەها و بڕینی ڕێگای مافخوازی وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەندی ۹:

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دروستکردن و وەگەڕخستنی ئەم بەندە، دروستکردنی بایکۆتی هەواڵیی ڕەهایە. قەدەغەی قسەکردن، قەدەغەی ئاڵوگۆڕی ناو و زانیاری، ئامادەیی هەواڵگرە جل شەخسییەکان لە ژوورەکان و هەڕەشەی توند لە بنەماڵەکان، هەموویان بۆ ئەوە داڕێژراون کە کۆمەڵگە و ڕاگەیاندنەکان لە چارەنووسی دەسبەسەرکراوان بێئاگا بن تا توانای دادخوازیی بەکۆمەڵ بە تەواوی وەربگیردرێتەوە.

شایەتحاڵەکە بە کوردپا دەڵێت؛ ئەم بەندە، پاسەوانی تایبەتی خۆی هەیە کە لە هێزەکانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپان و لەژێر چاودێریی ئەواندان و هەمیشەش زیندانییان ئازار و ئەشکەنجە دەدەن و سووکایەتییان پێدەکەن. بە شێوازێک کە زیندانییان هەر کاتێک و تەنانەت لە نیوەشەواندا، دێننە ناو دابڕگە و ژوورەکان و لانیکەم بە هاتوهاوار هەوڵ دەدەن کاریگەریی دەروونی لەسەر زیندانییان دروست بکەن. بە جۆرێک کە خۆم تەنانەت دوای ئازادبوون ناچار بووم سەردانی دکتۆری دەروونی و دەمار بکەم: «بە ڕاستی بە زمان ناکرێت دەریببڕی، دۆخی ئەوێ تۆقێنەرە.» بەڕێوەبەری زیندانیش هیچ دەسەڵاتێکی بۆ چاودێریی ئەم بەندە نییە و چاودێری و بەڕێوەبردنی ئەم بەندە بە تەواوی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپاوەیە.

۳. زیندانییانی ژوورەکان لە مافی چاوپێکەوتن و دەسبەسەرکراوانی ناو ژوورە تاکەکەسییەکان لە مافی پەیوەندییەکی چەند چرکەییش بێبەشن؛

بە وتەی شایەتحاڵی کوردپا؛ زیندانییانی ئەم بەندە بە گشتی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن. زیندانییانێک کە لە ژوورەکاندا ڕادەگیرێن ڕەنگە حەفتەی جارێک یا ۱۰ ڕۆژ جارێک مافی پێوەندیی تلفۆنیی کورتیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێت، ئەویش بەرپرسانی زیندان بەسەر سەریانەوە وەستاون، بەڵام دەسبەسەرکراوان لە ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندە تەنانەت لە مافی پێوەندیی تلفۆنیش بێبەشن.

مۆڵەتی چوونە هەواخۆری بۆ دەسبەسەرکراوانی ئەم بەندە ڕۆژانە نیو کاتژمێرە، لە کاتێکدا بەندەکانی تری زیندانی دیزڵاوا ڕۆژانە ۱۰ کاتژمێر هەواخۆرییان هەیە.

هەروەها زۆربەی زیندانییانی ئەم بەندە و زیاتر لە ۹۰٪یان لە مافی بوونی پارێزەر بێبەشن و سەرچاوەی کوردپا دەڵێت: «ڕێگە بە بوونی پارێزەر بە زیندانییان نەدەدرا و تەنانەت بیستوومە لەمبارەیەوە هەڕەشەیان لە پارێزەری هەندێک کەس کردووە کە دۆسییەی بریگترکەیان بدەنەوە.»

۴. ئەم بەندە ئاوی گەرمی نییە، پەتوو بە هەمووان ناگات، خواردن خراپە و کەمتەرخەمیی پزیشکی تۆقێنەرە؛

کەمتەرخەمی بەنیسبەت دۆخی پزیشکیی زیندانییان لەم بەندەدا تۆقێنەرە و سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێت: «لە هەواخۆریەدا بە چاوی خۆم دەمبینی ڕەنگە زیاتر لە ۵۰ زیندانی پێویستیی بەپەلەیان بە چاودێریی پزیشکی هەبوو. چەندین کەس جەستە و سکیان بەر لێدانی سەخت کەوتبوو و هەمیشە دۆخی هێڵنجدان و ڕشانەوە و بێهێزییان هەبوو.»

مەرجەکان لەم زیندانەدا بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانەن. سەرچاوەی کوردپا دەڵێت: «ئەم بەندە ئاوی گەرمی نییە و تەنانەت خۆشوشتنمان لە زستاندا بە ئاوی سارد بوو. خواردن و خۆراک زۆر خراپ بوو، خواردن کەم و بێ کوالێتی بوو و لەم بەندەدا هیچ فرۆشگایەکیش نییە. شەوانە هەندێک لە کەسەکان پەتوویان هەبوو و هەندێک نەیانبوو، ئەویش لە زستاندا کە گەرمکەرەوەشمان نەبوو و پەنجەرەکانی ژوورەکەش بە تەل دروست کرابوون و بە شێوەیەکی تۆقێنەر سارد بوو. بە گیانی منداڵەکەم قەسەم ڕاستییەکان دەڵێم. بەندەکە لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر خراپە، جۆرەها مێرووی پیس لە بەندەکەدا هەن و هەمیشە زیندانییانی ئەوێ تووشی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان دەبن.»

ئەشکەنجە بێدەنگەکان کە جەستەی زیندانی تێکدەشکێنن یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی دروستکردنی ئەم بەندە کە لێرەدا بە ڕوونی نیشان دەدرێت.

۵. بەندی ۹، شوێنی ڕاگرتنی درێژخایەن و ناڕوونیی چارەنووسی دەسبەسەرکراوان و سەپاندنی بارمتەی قورس لە دەرەوەی توانایە؛

سەرچاوەکەی کوردپا لەبارەی ئامانج لە ڕاگرتنی درێژماوەی دەسبەسەرکراوان لەم بەندەدا بە شێوەیەک کە چارەنووسیان نادیار بێ دەڵێت: «بە بڕوای من ئامانج لە دەسبەسەرکردنی درێژخایەن و بە بەربەست و قەدەغەکاریی توند لەم بەندەدا، دروستکردنی ترس و تۆقاندنە کە بۆ بنەماڵەکان و کۆمەڵگە بە شێوەی بێئاگاهی ڕەها بگوازرێتەوە و کۆمەڵگە سەرکوت بێت. هەروەها دیاریکردنی بارمتەی قورس بۆ ئازادکردنی کاتی دوای دەسبەسەرکردنی درێژخایەن، خۆی گوشارێکی دووقاتی تر بۆ سەر بنەماڵە و زیندانییانە. زیاتر بارمتەکان لە نێوان یەک میلیارد تا ۲۰ میلیارد تمەندا بوون. هەموو ئەو دەسبەسەرکراوانەی تا ئێستا بە شێوەی کاتی ئازاد کراون دوای سێ یان چوار مانگ بووە و دەیان زیندانی هێشتا دوای تێپەڕبوونی مانگەکان بە شێوەیەک کە چارەنوسیان ناڕوونە لە دەسبەسەرن و تەنانەت داوای بارمتەکەیان ڕەت دەکرێتەوە. هەروەها مەترسیی دەرکردنی سزای قورس و تەنانەت سێدارە بۆ هەندێک لە دەسبەسەرکراوان هەیە.»

دەسبەسەرکراوانێکی وەک «عەلی‌ئەشرەف یارئەحمەدی»، «وەحید قەنبەری» و «سرووش کەرەمی» کەسانێکن ڕووبەڕووی تۆمەتی موحاربە بوونەتەوە. لە ڕیزی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دان کە دوای ۵ مانگ دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی ڕەهای چارەنووس، تەنیا دوو کاتژمێر دوای گواستنەوەیان بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان بە تۆمەتی «موحاربە» دەستبەجێ بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندە ئەمنییە گوێزرانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و تەنانەت یەک پەیوەندیی کورتیشیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

کوردپا پێشتر لە ۱۷ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴دا ڕاپۆرتی بڵاو کردەوە کە «وەحید قەنبەری»، هاووڵاتیی دانیشتووی کرماشان، ڕۆژی ۸ی ڕێبەندان بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی کرماشان گوێزراوەتەوە. ناوبراو لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەشدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تا ئێستاش هۆکاری دەسبەسەرکردنی ڕانەگەیندراوە.

کوردپا هەروەها پێشتر لە ۲۳ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴دا باسی لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «سرووش کەرەمی» لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا کردبوو. ناوبراو دوای مانگەکان تەنیا دوو کاتژمێر دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان بە تۆمەتی «موحاربە» دەستبەجێ بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندە ئەمنییە گوێزراوەتەوە و تا ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و تەنانەت یەک پێوەندیی کورتیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەرانی بەفرانبار ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەهەندی سەختتر بە خۆیەوە دەگرێت:

ئەو لەبارەی دۆخی هەندێک لە دەسبەسەرکراوان دوای ئازادبوونی کاتی و دوای ئەم هەمووە سەرکوت و توندوتیژییە لە کاتی دەسبەسەرکردندا دەڵێت: «بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگە و بە شێوەیەکی تایبەت دەسبەسەرکراوان لە سزای قورس دەترسن؛ داهاتووی بنەماڵەکانمان چی بەسەر دێت؟ ئەم ترسە لەبارەی کەسانی ئازادنەکراو خراپترە و ئەوان دڵەڕاوکێی سزای سێدارەیان هەیە. دەتوانم بڵێم سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەرانی بەفرانبار ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەهەندی سەختتر دەگرێتە خۆی و دەسبەسەرکردنەکان بەردەوامن و بێ جیاکردنەوە و هاوێر کردن(استثنا) بنەماڵەکانیش هەڕەشەیان لێدەکرێت کە نابێت کەس بزانێت دەنا بۆتان گران تەواو دەبێت.»

ئەم شایەتحاڵە لە کۆتاییدا دەڵێت: «خوا شایەتە بە گیانی منداڵەکانم قەسەم من هەموو ئه‌مانەی کە لە خزمەتتان وتم بە چاوی خۆم دیومە.»

زیندانی دیزڵاوای کرماشان

زیندانی ناوەندیی کرماشان، ناسراو بە زیندانی دیزڵاوا، لە ساڵی ۱۳۵۴ (۱۹۷۵) لە گەڕەکی دیزڵاوای شاری کرماشان بە توانای فەرمیی ۲۹۰۰ کەس دەستی بە کار کرد. بەڵام لە دەیەکانی ئەم دواییانەدا، ژمارەی زیندانییانی ئاخنراو لەم زیندانەدا هەمیشە لە توانای ستاندارد تێپەڕیوە و بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە چاودێرەکان بۆ نزیکەی ۶۰۰۰ کەس (واتە زیاتر لە دوو هێندەی توانای ڕاستەقینە) زیادی کردووە. ئەم ئاخنینە زۆرەی حەشیمەتە، بە تێپەڕبوونی کات پێکهاتەی ئیداری و فیزیکیی زیندانەکەی ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و ئاستەنگی سەخت کردووە. بەندی ۹ لە پێکهاتەی نەریتی و دیاریکراوی زیندانی دیزڵاوادا، لە کۆنەوە وەک «بەندی ئەدەب» دەناسرا. ئەم بەندە بە شێوەیەکی نەریتی شوێنی ڕاگرتنی سزادراوان بە سێدارە، زیندانییانی تاوانە توندوتیژەکان و کەسانێک بوو کە بەهۆی پێشێلکاریی ناو بەندەکەوە بۆ سزادانی دیسپلینی بۆ ئەوێ دەگوێزرانەوە.

ئامادەکردنی: ئه‌وین مستەفا‌زاده