ئەحمەد قازی و چەنگیز ئیقباڵی لە سانسۆر دەدوێن

14:20 - 13 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کانوونی نووسەرانی ئێران لەبەرەبەریی رۆژی خەبات بە دژی سانسۆر بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا باس لە لابردنی سانسۆری دەوڵەتی لە کۆمەڵگەی فەرهەنگی ئێراندا کرابوو و تەنیا رێگای پەرەپێدان و هاوتەریب کردنی ناڕەزایەتییەکانی لابردنی سانسۆر بۆ سەر هونەر و ئەدەبیات وەسف کردبوو.

١٣‌ی سەرماوزەی ساڵی 1387 وەکوو رۆژی \"خەبات دژی سانسۆر\" لەلایەن کۆمیتەی کانوونی نووسەرانی ئێران دیاری کرا و ئەو رۆژە هاوکات بوو لەگەڵ دەیەمین ساڵڤەگەڕی کوژرانی جیابیران بەتایبەت محەممەد موختاری و محەممەد جەعفەر پوویەندە.

ئەمساڵیش کانوونی نووسەرانی ئێران دروشمی \"نا بۆ سانسۆر\" و بەڵێ‌بۆ ئازادیی رادەربڕین\"‌ی هێنایەوە بەر باس.

ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، لەراپۆرتێکدا کە بۆ کۆڕی گشتیی ئەو رێکخراوەیەی ناردبوو، باسی لە دەستبەسەرکردنی ٤٠ رۆژنامەنووس و ٢٩ وێبلاگ‌نووس لەئێراندا کردبوو.

لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وتووێژی لەگەڵ دوو کەس لەنووسەران و هونەرمەندانی کورد پێکهێناوە و ئەوانیش لەو بارەیەوە رای شەخسی خۆیان دەربڕیوە.

ئەحمەد قازی، نووسەر و ئەدیبی خەڵکی شاری مەهاباد لەپێوەندیی سانسۆردا بەم شێوەیە بۆ هەواڵنێری کوردپا دوا:

\"17190.jpg\"
ئەحمەد قازی لەدایک بووی شاری مەهابادە و دەرچووی رشتەی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی لەزانکۆی تارانە
لەراستیدا سانسۆر لەجێگایەکەدا سەر هەڵدەدات کە بڕوا بە دێمۆکراسی و ئازادی نەبێت و دەسەڵات عەیب و عاری زۆری هەبێ‌و بەشێوەیەکی سەرەرۆیانە و دیکتاتۆری ئیدارە بکرێ‌سانسۆریش سەر هەڵدەدات و لەدەورانی ئیستالین یان فاشیزم دا سانسۆر ئێجگار بەربڵاو بووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو رێژیمانە نایانهەوێ‌هیچ دەنگێکی دژبە خۆی و جیاواز ببیستێت و ناتوانێ‌ئەگەر کردەوەیەک لەئاستی بەرژەوەندی خوێدا نەبێت قبووڵ بکات ئەو کاتەیە کە سانسۆر سەر هەڵدەدا و فشار دەکەوێتە سەر ئەوانەی کە بیری ئازادیخوازیان هەیە یان دژایەتیان لەگەڵ ئەوە دەسەڵاتە هەیە ئەو کاتە سانسۆر خۆی دەردەخات و خۆی لەدەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان، نووسەران و داخستنی رۆژنامەکان و نەهێشتنی بڵاو بوونەوەی بیری جیاوازدا دەبینێتەوە، هەر ئەو ترس و وەحشەتەی کە رێژیمەکان دروستی دەکەن باری سایکولۆژی نووسەران تێکدەدات و تووشی خود سانسۆری دەبن واتە خەڵکەکە ناچار دەبن خۆیان خۆیان سانسۆر بکەن و لە ئەنجامی سانسۆرێکی دەرەکیدا سانسۆری دەروونیش پێک دێت.

چەنگیز ئیقباڵی، هونەرمەند و پەیکەرسازی خەڵکی کرماشان لەو باوەڕەدایە کە جۆری سیستمی سیاسیی ناتوانێ‌کاریگەرییەکی گرینگی لەسەر سانسۆر هەبێت.

\"17191.jpg\"
چەنگیز ئیقباڵی لە دایک بووی شاری ئیسلام ئابادی غەربە و خاوەنی بڕوانامەی کارناسی لەرشتەی پەیکەر تاشیی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تارانە
ئەو هونەرمەندە کوردە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لە بیاڤی کاری مندا، سانسۆر دیاردە و پرسێکی مێژووییە و لەدەرەوەی نیزامە سیاسییەکانیش ئەو مەسەڵەیە بوونی هەبووە.

جۆری سیستمی سیاسیی ناتوانێ‌کاریگەرییەکی گرینگی لەسەر سانسۆر هەبێت و ئەو پرسە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بەردەنگای کۆمەڵگەی کوردەواری. چاو لێبکەن لەبیاڤی پەیکەرتاشیدا، ئێمە لە ١٠، ١٢ سەدەی رابردوودا هیچ روونییەک لەو هونەرە نابینین و ئەو بەو مانایەیە کە \"خود سانسۆری\" بەشێک لە هزری ئێمە هونەرمەندان و کۆمەڵگە بووە.

بەرای من ئەوە کۆمەڵگەیە کە ئەو دۆخەی خوڵقاندووە، هەر چەندە نابێ‌ئەو خاڵە لەبیر بکەین کە هێزی سیاسیی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیدا هەوڵ بۆ سانسۆر کردن دەدات، بەڵام بۆ من کۆمەڵگە لەپێشەوەی نیزامی سیاسییە و زۆر جار هێندێ‌شت لەکۆمەڵگەدا دێتە بەر باس کە قسە کردن لەسەری نامومکینە.