ئەحمەد شەهید لە کۆنفڕانسی کەمینە ئێتنیکی و مەزهەبییەکانی ئێراندا بەشداری کرد

14:00 - 23 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دۆخی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچانەی کە کەمینە مەزهەبی و ئێتنیکییەکان لە ئێراندا تێیدا دەژین، بە بەشداری ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان خرایە بەرباس.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ٢١ی ڕەشەممە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژێنێڤ کۆنفڕانسێکی لەپێوەندی لەگەڵ گروپە ئیتنیکی و مەزهەبییەکانی دانیشتووی ئێران بەتایبەت کوردەکان و بەهاییەکان بەڕێوەبرد.

کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەم دامەزراوەی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بە بەشداری ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و لە پەراوێزی ٣١ەمین دانیشتنی شورای مافەکانی مرۆڤ لە ژێنێڤ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا، نوێنەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێرهاتن کردنی میوانان، چەند وتەیەکی سەبارەت بە سەرکوتە سیستماتیک و دژەمرۆییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لەدژی نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت کورد پێشکەش کرد.

تەیمور ئەلیاسی وتی: یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە ماددەکانی ١،٤،١٥ و ١١٥ بەتەواوەتی لەدژی نەتەوەکانی ئێرانە و کوردەکان، بەلوچەکان، تورکەکان ، عەرەبەکان و ... لە هەموو مافە بنەڕەتییەکانیان لەوانە بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی و خوێندن بە زمانی زگماکی بێبەش کراون.

\"29762.jpg\"
دوایین بارودۆخ و ئاماری کۆڵبەران و تەقەکردنی چەکدارانی حکومەتی لەم توێژەی کۆمەڵگای کوردستان و هەروەها ئێعدامی زیندانییە کوردەکان کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانیان بۆخۆیان تۆمار کردووە، چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی نوێنەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران بوون.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید، لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٩٦٦ هاووڵاتی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە سێدارە دراون.

لە درێژەی دانیشتنی ژێنێڤدا ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند وتەیەکی پپێشکەش کرد و ڕایگەیاند: یاسا و هەڵس و کەوتەکانی حکومەتی ئێران لە دژایەتی تەواوی مافی کەمینە مەزهەبی و ئیتنیکییەکاندایە.

ئەحمەد شەهید سەبارەت بە گەلی کورد وتی: چالاکانی فەرهەنگی و زمانی لە کوردستان دەسبەسەر دەکرێن و دواتر بە تۆمەتی هەنگاونان بەدژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، زیندانی و تەنانەت ئێعدام دەکرێن.

ناوبراو تەقەکردن و کوشتنی کۆڵبەرە کوردەکانی بەپێچەوانەی خودی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ناوزەد کرد.

دواتر خاتوو جراڵدین ساواری باسی لە تەوەرە سیاسی و حقوقییەکانی سیستمی فیدڕاڵیزم کرد و ئەم شێوازە لە حوکمڕانی بە گونجاوترین شێواز بۆ ئێرانی فرەنەتەوە لەقەڵەم دا.

جێگری سکرتێری حیزبی سوسیالیستی سوئیس لە درێژەدا پێداگری لەسەر پێویستی ڕێفۆرمی بەربڵاو لە سیستمی فێرکاری و سیاسی و ئابوریی ئێراندا کرد.

وتەبێژی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی بەهاییەکان لە ژێنێڤیش یەکێکی دیکە لە بەشدارانی ئەم کۆنفڕانسە بوو کە باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر ڕەوشی ئەم کەمینە مەزهەبییە کرد.

دیان عەلایی باسی لەوە کرد کە بەهاییەکان لە بیاڤەکانی فێرکاری و چالاکییەکانی پێوەندیدار بە ئایینەکەیان تووشی کێشە و لەمپەڕی جیددی دەبنەوە.

لەم کۆنفڕانسەدا کە ماوەی ١ ڕۆژی خایاند، نوێنەری هەمیشەیی وڵاتانێکی وەک کانادا، سوئیس، نۆرویژ، مێکزیک، ئامریکا، شیلی، کۆلۆمبیا، سۆئێد و ... لە شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژینێڤ کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە سوئیس دامەزراوە خۆی وەک \"نوێنەری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان\" دەناسێنێ کە لە باری سیاسییەوە خۆی بە بێلایەن لەقەڵەم دەدا و پێوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هەیە.

\"29768.jpg\"

\"29764.jpg\"

\"29769.jpg\"

\"29766.jpg\"

\"29763.jpg\"

\"29765.jpg\"