ئەحمەد شەهید: بە هاتنە سەرکاری رۆحانی دۆخی مافی مرۆڤ باشتر نەبووە و دەوڵەت هیچ گرینگییەک بە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی نادات

22:30 - 11 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ چالاکێکی مەدەنیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز باسی لەوە کردووە، کە \" دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران لەگەڵ هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی\" هیچ گۆڕانێکی بە خۆیەوە نەبینیوە.

ئەحمەد شەهید گوتووشیەتی: لە نووسین و ئامادەکردنی راپۆرتەکەمدا باسم لە هەڵاواردن بە نیسبەت \"کەمینە نەتەوەییەکان\" کردووە و \" سەرۆکی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کێشە و گرفت و هەڵاواردنانەی هەتا رادەیەکی زۆر بە رای گشتیی جیهان ناساندووە\".

\"20283.jpg\"
نۆری حه‌مزه، چالاکی مەدەنیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز
ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا، کە ئاخۆ دۆسیەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی وڵاتی ئێران رەوانەی شۆرای ئەمنیەت دەکرێت؟ رایگەیاند: ئێران لە سەرەتادا دۆخێکی دژواری تێپەڕاند و لە قۆناغی دواتردا هەتا رادەیەک باشتر بوو، هەنووکە ئەو دۆخە خراپتر بۆتەوە. هەڵبەت لە ئێستاشدا دۆخەکە لەگەڵ ساڵەکانی ١٩٨٠ بەراورد ناکرێ، هەر چەند ئێستاش خەڵک لە سێدارە ئەدرێن.

ئەندامەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هێندێک کۆنڤانسیۆنی مافی مرۆڤی، بە ئەندام وەرنەگیرانی حکوومەتی ئیسلامی لە هێندێک کۆنڤانسۆنی مافی مرۆڤ، هەڵاواردنی رەگەزی و نەتەوەیی، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ وەکوو رێکارەکانی گۆڕانکارییەکانی حەشیمەتی لە ناوچە فارس‌نشینەکان لە ئێران، پێناسەی پاکتاوی رەگەزی بەپێی مافە نێونەتەوەییەکان، میکانیزمەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون و جێبەجێ کردنی مافی هاووڵاتی بوون، دۆخی پەروەندەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەو باسانەن کە لەو دیمانەیەدا لەگەڵ ئەحمەد شەهید هاتوونەتە گۆڕێ.

ئەحمەد شەهید، سیاسەتوان و چالاکی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی، کە تەمەنی ٥٠ ساڵە، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو رێپۆرتێری تایبەتیی ئەو رێکخراوەیە بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران هەڵبژێردراوە. ئەحمەد شەهید خەڵکی وڵاتی ماڵدیڤە، کەلە ساڵەکانی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠٠٧ و ساڵەکانی ٢٠٠٨ هەتا ٢٠١٠ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە ئەستۆ بووە. ناوبراو بڕوانامەی دوکتورای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی لە زانکۆی کوئینزلند\"ی ئوسترالیا وەرگرتووەو لە ئێستاشدا لە زانکۆی \"ئیسکیس\"ی وڵاتی ئینگلیز وانە دەڵێتەوە.

ئەحمەد شەهید ئەمساڵ بۆ جاری چوارەم، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو رێپۆرتێری تایبەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران هەڵبژێردرایەوە.

ئەم وتووێژە، رۆژی پنج‌شەممەی رابردوو لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لەلایەن نووری هەمزە، چالاکی مافی مرۆڤی عەرەبەوە ئەنجام دراوە، کە بۆ خوێندنەوەی دەقە فارسییەکەی دەتوانن لێرە کرتە بکەن.