ئەحمەد شەریفی، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

21:14 - 20 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەحمەد شەریفی نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردان، ئەحمەد شەریفی نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانیەکانی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ئەحمەد شەریفی، زیاتر لە نیو سەدە کار و تێکوشانی خۆی لە بواری فەرهەنگی و رۆژنامەنووسی لە بەشی کوردیی رادیۆ کرماشان و سنە و دەنگ‌ورەنگی مەهاباد کاری کردووە و هەروەها خاوەنی سەدان وتار لە بورای رۆژنامەوانیی کوردی و مێژووی کوردستان چەندین کتێبی چاپ کراوی هەیە.

ئەحمەد شریفی ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ نەخۆشی جۆراوجۆر بەرەوڕوو بوو لەم دواییانەدا باری تەندروستی رووی لە خراپ‌بوون کردبوو.

ئەو نووسەرە کوردە لە بواری رۆژنامەوانیی کوردی و لە کۆکردنەوە و پاراستنی دەستنووسەکان و بەرهەمە مێژوویەکانی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

چەند رۆژ پێشتریش. ئەحمەد قازی نووسەر و وەڕگێری ناوداری کورد لە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری تاران لە تەمەنی ٧٩ساڵیدا کۆچی دووای کرد.

ئەحمەد قازی یەکێک لە نووسەرەکانی ئەدەبی کورد بوو و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ سەرنووسەری گوڤاری \"سروە\" لە ورمێ بووە.