ئەحمەد تەموویی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:05 - 25 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەز، "ئەحمەد تەموویی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی "سەڵماس" لە ١٥هەمین ساڵی تێپەڕکردنی مەحکوومییەتی خۆی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی زیندانیبوونیدا لە مافی مەرەخەسی و ئازادیی مەرجدار بێبەری بووە.

ئەحمەد تەموویی ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٨٦، لە مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو پاش چەندین مانگ زیندانی لە ژووری تاکەکەسی لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا و مانگی ڕێبەندانی ١٣٨٦ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "محاربە لە ڕێگەی ئەندامیەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)" بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ورمێ مەحکووم کرابوو.

حوکمی زیندانیی ئەحمەد تەمویی مانگی بانەمەڕی ١٣٨٧ لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ دوور خرایەوە.

٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ لە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسێندرا و لە دەقی دادنامەکەی هاتبوو کە: "ئەحمەد تەموویی لە تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی ناردنی هەواڵ و ئاماری زیندان بۆ میدیا بیانییەکان، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بێتاوان ناسێندراوە و نابێت تەنها بەهۆی هەندێک شک و گومانی ئیدارەی ئیتلاعات، ناوبراو مەحکووم بکەین".