كەبوودوەند وەك وەرگری خەڵاتی تێكۆشەرانی مافی مرۆڤ بۆ ساڵی 2013 كاندید كرا

13:41 - 31 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لە نامەیەكدا بە فەرمی كاندیداتۆریی محەممەدسدیق كەبوودوەندی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی \"مارتین ئیناڵس\" بۆ تێكۆشەرانی بواری مافی مرۆڤ بۆ ساڵی 2013 راگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژێنێڤ (KMMK-G بە ئامانجی راكێشانی سەرنجی هەرچی زیاتری كۆمەڵگای نێودوەڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بە لەبەرچاو گرتنی رەوشی هەستیاری تەندروستیی محەممەدسەدیق كەبوودوەند سەرۆكی بەندكراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، بۆ دانی خەڵاتی مارتین ئیناڵس بە کەبوودوەند وەک چالاکی بواری مافی مرۆڤ بە فەرمی ناوبراوی بۆ وەرگتنی ئەو خەلاتە لە ساڵی 2013 کاندید کردووە.

خەڵاتی مارتین ئیناڵس بۆ بەرهەڵستكارانی مافی مرۆڤ لە ساڵی 1993 لەلایەن مارتین ئیناڵس، یەكەمین سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئەمنێستی ئینترناسیۆناڵ دەست نیشان کراوە.

ئەم خەڵاتە ساڵانە هاوشێوەی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئاشتی لەلایەن كۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری ژێنێڤ بە خەباتگێڕێكی مافی مرۆڤ لە چوار گۆشەی دونیا پێشكەش دەكرێت.