كەبوودوەند بۆ چوارەمین جار لە سەر یەك بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبێل دیاری كرا

14:21 - 20 رەشەمه 2716
ئاژانسی كوردپا: حیزبی سوسیالسیتی چەپی نوروێژ دووبارە سەرۆكی داكۆیكیاری مافی مرۆڤی كوردستان و باوكی مافی مرۆڤی كوردستان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نوێبل دەستنیشان كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بۆ چوارەمین جار، محەممەد سدیق كەبوودوەند وەكوو بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل ٢٠١٧ لە وڵاتی نوروێژ هەڵبژێردرا.

ئەو هەڵبژرادنە بەپێی ڕەواڵی پێشكەش كردنی خەڵاتی ئاشتی نوبێل، لە لایەن حیزبی سوسیالیستی چەپی نوروێژ دەستنیشان كراوە.

خەڵاتی ئاشتی نۆبێل یەكێك لە شەش خەڵاتی نوبێل دەژمێردرێت، كە لە لایەن ئالفرێد نۆبێل پیشەساز و داهێنری سوئیدی ئەو خەڵاتانە تەرخان كراوە.

ئەو خەڵاتە بۆ یەكەم جار لە ساڵی ١٩٠١ پێشكەش كراو و هەر ساڵ لە ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نووروێژ بەو كەسانە كە لە بوارە جۆرەجۆرەكانی هەوڵ دەدەن پێشكەش دەكرێت.

محەممەد سدیق كەبوودوەند، چالاكی مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری ڕیكخراوی داكۆكی لە مافی مرۆڤی كوردستان، پاش تێپەڕانی ٣٤ ڕۆژمانگرتن لە خواردن، ڕۆژی یەكشەممە ٢٣ جۆزەردانی ئەمساڵ بۆ ماوەی ٤ ڕۆژی هاتە مەرەخەسی.

لە یەك ساڵی ڕابردوودا، ناوبراو لانیكەم دوو جار لە لایەن دادستانی شاری تاران لەگەڵ ئازادی بێ ئەملاو ئەوەڵا ئەو چالاكە مافی مرۆڤە و ڕۆژنامەوانە زیندانییە دژایەتی كراوە.

محەممەد سدیق كەبوودوەند، چالاكی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و دامەزرێنەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، رۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" لە رێگەی دامەزراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستانەوە بە ١٠ ساڵ زیندان و دواتریش بە تاوانی تەبلیغات بە دژی نیزام لە رێگەی پەیوەندی كردن بە رێكخراوە نێونەتەوەیییەكان و \"كوفی عەننان\" بە ١ ساڵ زیندان و بە گشتی بە ١١ ساڵ زیندان مەحكووم كرا و پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوكمە بۆ ١٠ ساڵ زیندان كەم كرایەوە.