\"ئێوە بە بیانووی کوردبوونەوە، تاوانبار و مەحکوومن\"

14:35 - 22 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: نامەی زیندانییانی سیاسی ـ عەقیدەتی کوردستان لە ڕەجایی‌شاری کەرەجەوە بۆ ئازادی دوو داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ، وڵام درایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی چالاک لەبواری مافی منداڵان کە ئێستا لە بەندی ژنانی گرتووخانەی ئێڤین ڕاگیراوە، نامەیەکی ڕوو لە چالاکانی سیاسی و عەقیدەتی کورد لە ڕەجایی‌شاری کەرەج بڵاوکردەوە.

ئاتێنا دائمی لە نامەکەیدا ئاماژە بە سزای ئیعدامی ٩ لاوی کورد لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەکات و دەنووسێت: ئێش و ئازاری کوردانی وڵاتەکەم، هەر لە زیندانییەکانیانەوە تاکوو کۆڵبەران، هەبووە و هەیە.

ئەو چالاکەی بیاڤی مافی منداڵان، ئەم نامەی لە ڕێکەوتی حەڤدەی مانگی بەفرانبار، لە وڵامی بەیاننامەی ٢٢ی سەرماوەزی ئەمساڵی زیندانییانی سیاسی ـ عەقیدەتی کورد لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج نووسیوە.

زیندانییە کوردەکاندا کە ژمارەیان لە سەرووی ٥٠ کەسە، لە نامەکەیاندا خوازیاری ئازادی بێ مەرجی ئاتێنا دائمی و نەرگێس موحەممەدی بووبوون.

ئاتێنا دائمی تەمەن ٢٨ ساڵ لە بەشێکی دیکەی نامەکەی دەنووسێت: خۆشحاڵم لەوەی کە یادتان کردم و خەمبارم لەوەش کە من کێم لە بەرامبەر زەینەب جەلالیان و ئەو چاوانەی کە ڕۆژ بەڕۆژ سۆمایان نامێنێ.

ئەو لە درێژەدا باس لە هەڵاواردن دژ بە هاووڵاتییانی کورد دەکات و دەنووسێت: بەڵێ؛ هەموومان بەچەشنێک لەدژمان ستەم دەکرێت. هەموومان هەڵگری ژانێکی هاوبەشین. بەڵام من لە کوێ و ئێوەی بەرێزیش لە کوێ؟! ئێوە هەر لە دایکبوونتانەوە و بە بیانووی کوردبوون یان سوننی بوونتان تاوانبار و مەحکوومن و منیش مەحکووم بە بینینی ئەو هەموو ستەمەی دژبە ئێوەم.

ئاتێنا کە سزای ٧ ساڵ زیندانی هەیە لە کۆتاییدا وێڕای ڕێزلێنان لە سۆز و خۆڕاگری ئەو زیندانییانە، کڕنۆش بۆ ئازار و ڕەنجەکانیان دەبات.