ئێعدامەکان پاش ڕاگرتنی ماوەیەکی کاتی دەستی پێکردەوە

20:52 - 27 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا و بە ئێعدام کردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیرجەند، رێژەی ئێعدام کراوەکان گەیشتە ١٠ کەس.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی پووشپەڕدا، سێ هاووڵاتی لە شاری بیرجەندی سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور، بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر لەسێدارە دران.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە بە \"مەنسوور زەعفەرانی، یووسف براهویی و قاسم دڵشاد\" ڕاگەیەنراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری لاکانی ڕەشت بە تاوانی پەیوەندییدار بە مادەی سڕکەر لەسێدارە دا.

ئەو دوو هاووڵاتییە تەمەن ٤٠ و ٤٩ ساڵە هەر کامیان بە تاوانی هەڵگرتنی ٦٧٥گرەم شیشە ئیعدام کراون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ٢١ی پووشپەڕ، پێنج زیندانیی دیکە بە تاوانی پێوەندیدار بە مادەی سڕکەر، بە ناوەکانی مەسعوود تەقی پوور، حەسەن فەرەج پوور، مێهدی بافری، باقر جەلیلی و حەمید حقوقین، لە زیندانی ناوەندیی شاری ئەراک ئیعدام کران.

ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

شەپۆلێکی نوێی ڕەوتی ئێعدامەکان کە بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە ڕاگیرابوو، سەر لە نوێ دەستی پێکردووەتەوە.